شەڕی میدیایی ئیسرائیل و تورکیا دەستیپێکردەوە
پووختەى هەواڵەکە
- شەڕی میدیایی ئیسرائیل و تورکیا دەستیپێکردەوە.
- ئاژانسەکانی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەوە بە گۆڕەپانی کێشمەکێشی توندی نێوان هەردوولا.
- ئیسرائیل: ئەردۆغان بەردەوامە لە ڕاخستنی فەرشی سوور بۆ تیرۆریستان.
- تورکیا: هەڕەشەی کوشتنی خەلیل حەییە گوزارشتە لە ڕەفتارە چەتەگەرییەکانی ئیسرائیل.
ململانێی ئەمجارەى نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کاتێک دەستی پێکرد کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیێنراوێکدا بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڕایگەیاند: "ئەردۆغان بەردەوامە لە ڕاخستنی فەرشی سوور بۆ بکوژ و دەستدرێژیکارانی حەماس، و لە تورکیاوە لەگەڵ ئیخوان موسلمین پشتگیری لە چالاکییە تیرۆریستییەکانیان دەکات دژ بە ئیسرائیل و وڵاتانی موسڵمان لە ناوچەکە".
بەزمەکە لاى ئیسرائیل دەستیپێکرد و وەڵامەکەى ئەنقەرە
- یسرائیل کاتز ڕاگەیێنراوەکەی لەگەڵ دوو فۆتۆ بڵاوکردووەتەوە.
- لە یەکێکیاندا، ئەردۆغان و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس و لە دووەمیاندا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ شاندێکی حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، سەرۆکی ئێستای مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە دەردەکەوێت.
- کاتز باسی لەوەکردووە سەرکردەکانی حەماسیان لە غەززە کوشتووە.
- هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "نۆرەی خەلیل حەییەش دێت و ئەویش دەنێرین بۆ لای هەنییە و هاوکارەکانی دیکەی".
- وەڵامی ئەنقەرە بۆ گوتەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوانەکەوت و عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ئاکپارتی بە توندی بەرپەرچی گوتەکانی ئیسرائیل کاتزی دایەوە.
- چەلیک: ئیسرائیل دەیەوێت بەم هێرشانە شکستە ناوخۆییەکانی داپۆشێت.
- عومەر چەلیک: لێدوانەکانی کاتز ئاستنزم و سنووربەزێنن و "نیشانەیەکی ڕوونی بێئومێدیی قووڵی سیاسی و مایەپووچبوونی حکومەتی ئیسرائیلە".
- چەلیک: هەڕەشەی ئاشکرای کوشتنی ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵ لە دانوستانەکانی ئاشتی و ئاگربەستدا دەگێڕن، گوزارشتێکی نوێیە لە ڕەفتارە چەتەگەرییەکانی ئیسرائیل.
- ئیسرائیل بە تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و ویژدانی جیهانی فەرامۆش کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئێوارەی 9ـى ئەم مانگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و شاندێکی بزووتنەوەکە لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
میدیای تورکیا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی فەڵەستین و دۆخی غەززە و دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان کراوە.
لە چوارچێوەی ڕۆڵی نێوەندگیریی دیپلۆماسیی تورکیا لە پرسی غەززەدا، فیدان پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ شاندی حەماس لەبارەی دانوستانەکانی ئاگربەست و پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان، هەیە.
خەلیل حەییە پاش ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سنوار، یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکان کە ڕێبەرایەتی سیاسیی حەماسی گرتووەتە دەست، سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە دەکات لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئیسرائیل، کە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسڕ بەڕێوەدەچن.
حەییە کە لە دۆحەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەڕێوەدەبات، باڵاترین کاربەدەستی بزووتنەوەکەیە کە پەیوەندی لەگەڵ هەریەک لە تورکیا، ئێران، میسڕ و قەتەر هەیە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
تورکیا و ئازەربایجان (یەک نەتەوە..دوو دەوڵەت) پلانى ئیسرائیل لەم نێوەندەدا چیە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا