ئەمڕۆ زەیدی دەچێتە موسڵ و 50 هەزار پارچە زەوی لەشارەکە دابەشدەکرێت 

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
 عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە شاری موسڵ بۆ دانانی بەردی بناغەی دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی .
  • بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەڵێت، تاوەکو ئێستا 275 هەزار پارچە زەوی  ئامادەیە بۆ دابەشکردنی.

بەگوێرەی زانیاریی کەناڵ8 لە پارێزگای نەینەوا 90 هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت، لە شاری موسڵ 50 هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت و لەناوچەی دامرچی بەردی بناغەکە دادەنرێت، لەسەردانەکەیدا زەیدی سەردانی چەند ناوچەیەکی دیکەی موسڵ و نەینەوا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە کۆدەبێتەوە.


پڕۆژەی دبەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی

لە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمیشدا، عەلى زەیدى لە کەربەلا و نەجەف پڕۆژەى یەک ملیۆن زەویی نیشتەجێبوونى ڕاگەیاند، یەکەمجار و هەفتەی ڕابردوو، زەیدى لە کەربەلا بەردى بناغەى دابەشکردنى 60 هەزار پارچە زەوى دانا و لە نەجەفیش، بەردى بناغەى دابەشکردنى 35 هەزار پارچە زەویى دانا.

ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق:

  • لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری شارەکان بەدواداچوون بۆ کۆمەڵێک پرس کراوە لەوانە هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر سوودمەند نەبووان لە عێراق.
  • کەربەلا و نەجەف و ئەنبار بەڕێژەی 100٪ هەموو پێداویستییەکانی ئەولە  پرۆسەیەیان بەجێگەیاندووە .
  • لە پێنج پارێزگای دیکە پارێزگاکانی (میسان، موسەننا، واست و بەغداد و نەینەوا) پرۆسەکە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و کارەکان لەپارێزگاکانی دیکەش بەردەوامن.
  • تاوەکو ئێستا 275 هەزار پارچە زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی نیشتمان.

 "دابەشکردنی زەوی بارگرانی نییە"

زەیدی بەڵێنی داوە، هەر خێزانێکى عێراقى خانووى نەبێت، تاپۆى زەوییەکەى پێدەدرێت و حکومەت لە دروستکردنى خانووەکەیدا هاوکارى دەکات و هەموو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ زەوییەکان دابین دەکرێن.

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بە بڕیارى ژمارە (332) لە ڕۆژى 30ـى حوزەیرانى 2026، دەستپێشخەریى دابینکردنى یەک ملیۆن پارچە زەویى نیشتەجێبوون بە خزمەتگوزارى و ژێرخان، لە 15 پارێزگاکەى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند.

عەلى زەیدى، لە کۆبوونەوەى ڕۆژى پێنجشەممە هەشتى تشرینى یەکەمى 2026، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرۆکى فراکسیۆنەکان و لیژنەى دارایی ڕایگەیاند، پڕۆژەی دابینکردنى ملیۆنێک زەویى نیشتەجێبوون، یەک دینار تێچووى لەسەر دەوڵەت نییە.

سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەشکرد، لە ڕێگەى دەستپێشخەرییەکەوە ملیۆنێک یەکە دەستەبەر دەکەن کە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ شەش ملیۆن هاوڵاتی عێراقی دابین دەکات.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران؛ یەک ملیۆن پارچە زەوی لە 15 پارێزگای عێراق دابەش دەکرێت

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا