شاندى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى تەلەفۆنى فالح سارییە
پووختەى هەواڵەکە
- شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەى بچێتەوە بەغداد.
- هەفتەى ڕابردوو شاندەکە سەردانى بەغدادى کرد، بەڵام ڕێککەوتن نەکرا.
- جیاوازى و ناکۆکییەکان لەنێوان هەردوولا ماونەتەوە.
کەناڵ8 زانیویەتی، تاوەکو ئێستا ڕێککەوتن لەسەر هیچ خاڵێکى داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە بودجەى عێراقدا نەکراوە، شاندەکە چاوەڕوانى وەڵامى فالح سارى وەزیرى داراییە بۆ ئەوەى جارێکى دیکە بچێتەوە بەغداد و گفتوگۆ لەبارەى خاڵەکانەوە بکەن، پاش ئەوەى دانوستانى هەفتەى ڕابردوویان ئەنجامى نەبووە.
زانیاریى لە زارى ئەندامێکى شاندەکەوە:
- لە پرۆژە بودجەى 2027ـى عێراق ماددەى 10ـى پرۆژەکە تایبەت کراوە بە هەرێمى کوردستان.
- یەکەم بڕگەى تایبەت کراوە بە داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستان.
- بەغداد داواى 12 تریلیۆن دینار لە داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2014 تاوەکو ئێستا دەکات.
- وەزارەتى دارایی عێراق ئەو 12 تریلیۆنەى نووسیوە و دیوانى چاودێریى دارایی ئاگادار نییە.
- بەغداد لەسەر هیچ بنەمایەکى یاسایی ئەو 12 تریلیۆن دینارەى دەستنیشان نەکردووە.
- بۆ ئەوەیە هەرێمى کوردستان داواکارییەکانى لەبارەى پلەبەرزکردنەوە، دامەزراندن و هاوتاکردنى مووچەى پیشمەرگە و کەسوکارى شەهیدان و زیندانییانى سیاسی کەمبکاتەوە.
"شاندى سیاسیى پێویستە"
ئەو ئەندامەى شاندەکە گوتیشى "دەمانەوێت ڕێککەوتنى کۆنکرێتى لەسەر سەرجەم داواکارییەکانی لەگەڵ بەغداد بکەین، بەڵام چاوەڕوانین کاتى کۆبوونەوەمان پێ بڵێن".
بەگوتەى ئەو، تەنیا شاندى باڵاى حکومەت بەس نییە، پێویستە لە ئاستى باڵاتر و یەکێتی و پارتى پێکەوە بچنە بەغداد بۆ جێگیرکردنى مافە دارایی و یاساییەکان، "ئەگەر ئەمە نەکرێت، لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان باجەکەى دەدات".
جیاوازییە گەورەکان:
- لە بڕگەى دووەمى ماددەى 10ـەمى پرۆژەى بودجە، بەغداد 12.70%ـی بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکردووە.
- هەرێمى کوردستان ڕژدە لەسەر داتاى سەرژمێریى دانیشتووان کە 14.14% دیاریکراوە.
- لە بڕگەى سێیەمدا بەغداد 400 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى لە هەرێمى کوردستان داوا کردووە.
- هەرێمى کوردستان تەنیا 280 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تەرخان دەکات.
- لە بڕگەى چوارەمدا باسى مووچە و شایستەى دارایی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کراوە، بەغداد نووسیویەتى مووچەى گرەنتی کراوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر بڕەکەى نەکراوە.
- لە بڕگەى پێنجەمدا باسى بەشى هەرێمى کوردستان کراوە لە بودجەى حاکیمە و وەبەرهێنان، هێشتا داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان هیچیان جێگیر نەکراون.
- هەرێمى کوردستان بە گشتی داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دیناری بۆ بەشە بودجەى کردووە.
پرۆژەیاساى بودجە ئامادەیە
کەناڵ8 زانیاریى ئەوەشى دەستکەوتووە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە پاش 20ـى ئەم مانگەوە پرۆژەکە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکات و پێویستە تاوەکو 20ـى تشرینى دووەم پرۆژەکە پەسەند بکرێت.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
وەزیرى دارایى بڕواى بە داتاکان نەبووە..هەولێر و بەغداد ڕێکدەکەون؟
ڕیسەکە لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە بەخورى.. 12.70% لە جیاتى 14.14%ـە
2 کاتژمێر پێش ئێستا