قاسم عەبودی: لە مانگێکدا دۆخی شنگال چارەسەر دەکرێت و بۆشایی کشانەوەی هاوپەیمانانیش پڕ دەکەینەوە
پووختەی هەواڵەکە
- ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، لەماوەی مانگێکدا دۆخی شنگال بە شێوەیەکی پلە بەندی چارەسەر دەکرێت.
- سەرۆکوەزیران ڕەتیکردەوە هێزى تایبەت لە شنگال هەبێت و تاوەکو ئێستا هەزار و 500 چەکداری شنگال خراونەتە ناو هێزە ئەمنییەکان.
- قاسم عەبودى ڕاشیگەیاند، گرفتمان هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی قائیمقامێک بۆ شنگال و دواتریش ئاوەدانکردنەوەی شنگال کێشەی گەورەی هەیە.
- لە پاش کشانەوەی هاوپەیمانان هێزە ئەمنییەکان بەفەرمانى سەرۆکوەزیران ڕاسپێدراون بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.
- قاسم عەبودی: بێ گومان توانا و تەکنیکی هاوپەیمانانمان نییە.
- عەبودی ڕاشیگەیاند، پێشنیازیان کردووە بۆ دانانی سندوقێک بۆ پاڵپشتی عێراق و سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پانێڵێکدا لە دیداری مێری تیشکی خستە سەر دۆخی شنگال و ناوەرۆکی ڕێککەوتنی عێراق لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان. ناوبراو بە وردی باسی لە ئاڵنگارییە کارگێڕی و بەربەستە ئەمنییەکانی ناوچەی شنگال کرد و ڕوانگە و ڕێگەچەرەکانی حکومەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە خستە ڕوو. هاوکات لە بەشێکی تری گوتەکانیدا، ئاماژەی بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەردەوامیی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەوڵەکان، هێشتا چەکدارانی داعش وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی عێراق ماونەتەوە.
دۆخی ئەمنی و مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان
- شنگال دۆسێیەکی ئاڵۆزی خاوەن ڕەهەندی ناوخۆیی و هەرێمییە؛ بەهۆی ڕووداوەکانی ڕابردووەوە هێزی خۆجێی تێدا دروستبووە کە دژایەتی وڵاتانی ناوچەکە دەکەن.
- حکومەت گفتوگۆی ڕاشکاوی لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە پەکەکە کردووە کە دەبێت چەک تەنیا بەدەستی دەوڵەتەوە بێت، ئەوانیش مەترسی دووبارە هێرشکردنە سەر خۆیان خستووەتەڕوو.
- داواکاری چەکداران بۆ مانەوە وەک یەکەی سەربەخۆ لەناو شنگالدا لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە ڕەتکراوەتەوە. لە بەرامبەردا تا ئێستا 1500چەکدار خراونەتە نێو سوپا و هێزە ئەمنییەکان، 1500ی دیکەش ئامادەن، و 500 ژنیش لە یەپەژەوە دەخرێنە ڕیزی پۆلیسی کۆمەڵگەیی.
- هەوڵدەدەین کە لەماوەی مانگێکدا دۆخی شنگال چارەسەر بکرێت.
ڕەهەندی هەرێمی و کشانەوەی هێزە بیانییەکان
- تورکیا هەمیشە مەترسی لە شاخی شنگال هەیە، چونکە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ وڵاتە.
- لە کۆتا سەرداندا داوا لە تورکیا کراوە لە خاکی عێراق بکشێتەوە. تورکیاش قەناعەتی کردووە و بەڵێنیداوە بکشێتەوە، کە سەرەتا لە باشیکەوە دەستپێدەکات.
- جەختکراوەتەوە کە بەهەمان شێوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، دەبێت هیچ هێزێکی بیانی دیکە لە عێراقدا نەمێنێت.
ئاوەدانکردنەوە و دۆخی مرۆیی
- کێشە گەورەکە لایەنی ئاوەدانکردنەوەیە، چونکە شارەکە بەتەواوی ڕووخاوە، خزمەتگوزاری و قوتابخانەی تێدا نییە، و 100 هەزار ئاوارەی شنگال هێشتا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
- حکومەت پارەی بێشووماری بۆ ئاوەدانکردنەوە تەرخانکردووە، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بە کات و هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد هەیە.
- لە کۆتاییدا هێزە حکومییەکانی وەک پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لە شنگال نامێننەوە و دەبێت خەڵکی ناوچەکە خۆیان، خۆیان بەڕێوەبەرن.
کارگێڕی شارەکە و دانانی قائیمقام
- پێشنیازی دانانی فەرماندەیەکی سەربازی وەک حاکمی شنگال لەلایەن ڕاوێژکاری ئاسایش و سەرۆکوەزیرانەوە بەتەواوی ڕەتکراوەتەوە.
- مۆڵەتی 10 ڕۆژ دراوە بە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی قائیمقامی شنگال.
- دەستوەردانی حزبی هۆکاری سەرەکی کێشەی دانانی قایمقام بووە. جەختکراوەتەوە کە دەبێت قایمقامی نوێ کەسێکی مەدەنی، سەربەخۆ و بەدەر لە ئینتمای حزبی بێت، و داواش لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کراوە یارمەتیدەر بن لەم پرۆسەیەدا.
هاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پانێڵەکەیدا ئاماژە بە ناوەرۆکی ڕێککەوتنی عێراق و هاوپەیمانان کرد و تیشکیشی خستە سەر مەترسییەکانی داعش کە بە گوتەی ئەو هێشتا مەترسین بۆ سەر عێراق.
کشانەوەی هاوپەیمانان و ئامادەیی هێزە عێراقییەکان
- کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەشێک بووە لە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا، و لەم چەند ڕۆژەی دوای کشانەوەشیان دۆخی ئەمنی ئارام بووە.
- سوپای عێراق هێشتا تەکنەلۆجیا و توانای بەرزی هاوپەیمانانی نییە بۆ بەدواداچوونی جووڵەی تیرۆریستان لە ناوچە دوورە دەستەکاندا.
- سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کردووە و پرۆسەی پڕچەککردن و ئامادەکردنی هێزەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە دەستیپێکردووە.
کۆنفرانسی هاوکاری عێراق-سووریا و سندوقی پاڵپشتی
- لە کۆنفرانسێکی گەورەدا لەسەر بەردەوامی هاوکاری هەواڵگری نێوان عێراق و سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان جەختکراوەتەوە.
- عێراق پێشنیازی دانانی سندوقێکی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق و سووریا لە شەڕی دژی تیرۆردا، کە ئێستا بیرۆکەکە لەژێر دیراسەکردندایە.
دۆسیەی زیندانیانی داعش و کێشەی چاکسازییەکان
- لە کۆنفرانسەکەدا داوا لە عێراق کراوە بەرپرسیارێتی زیندانیکردن، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی 5000 چەکداری داعش بگرێتە ئەستۆ.
- متمانەیەکی باش بە سیستمی دادی عێراق هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکداران، عێراق خاوەن شارەزاییەکی زۆرە لەم بوارەدا.
- عێراق کێشەی لە سەنتەرەکانی چاکسازی (زیندانەکان)دا هەیە کە پڕبوونەتەوە، و پێویستی بە دروستکردنی زیندانی نوێ هەیە.
جوڵەکانی داعش و گرووپە نوێیەکان
- داعش لە هەندێک ناوچەدا کە شوێنەکانیان دیاریکراوە خەریکی چالاکبوونەوەیە و شانەی نوستووی هەیە.
- جووڵەی هەندێک گرووپی دیکە هەیە کە داعش نین، بەڵام ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، دەبنە دیوێکی دیکەی داعش.
- حکومەت و هێزە ئەمنییەکان تەواو ئاگاداری دۆخەکەن، خاوەن ئامێری باشن و ئامادەن بەرپرسیارێتی تەواو بۆ پاراستنی ئاسایش هەڵبگرن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
نزار حەیدەر: دوای کشانەوەی هاوپەیمانان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بەردەوام دەبن
ئەعرەجی: 30ی ئەیلوول وادەی کشانەوەی هاوپەیمانانە نەک کۆکردنەوەی چەک
2 کاتژمێر پێش ئێستا