ئۆزەل: ناردنی سوپای تورکیا بۆ یەمەن پلانی ترەمپە و دژی دەوەستینەوە
پووختەی هەواڵەکە
- سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەستی تۆمەتی قەیرانی بۆرسە و سندووقەکانی وەبەرهێنان بۆ سەرۆککۆماری وڵاتەکە و ئاکپارتی لە ڕادەکێشێت.
- لەبارەی ڕێککەوتننامەی مەککەشەوە دەڵێت، پلانی ترەمپە بۆ ناردنی سوپای تورکیا بۆ یەمەن.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، ڕەخنەی تووندی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی حکومەتی وڵاتەکەی گرت و لەبارەی چەندین پرسەوە دوا، کە دووانیان قەیرانی بۆرسە و ڕێککەوتننامەی مەککە بوون.
سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ:
- تەواوی بەرپرسانی سندووقەکان کەسانێکی نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارن کە خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات.
- لە بەڕێوەبردنی ئەم سندووقانەدا باڵیۆز، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆمار، ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری، بەرپرسانی باڵای حکومی و پەرلەمانتارانی پێشوو هەن، هەموو ئەوانەی بەرپرسن، سەر بە ئاکپارتین.
- ئەوەی ئەمانە دادەمەزرێنێت ئاکپارتییە، ئەوەی دادەمەزرێنرێت لە ئاکپارتییە، ئەوەشی تاڵانی دەکات، هەر لە ئاکپارتییە و ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەم بابەتەدا نین.
ڕێککەوتنی مەککە
پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ڕێککەوتننامەی مەککە، ئۆزەل گوتی، ئەوان بە توندی دژایەتیی ناردنی سەربازی تورکیا بۆ یەمەن دەکەن و ڕایگەیاند: "ناردنی سەربازی تورکی بۆ یەمەن، بەرنامە و پلانی تورکیا نییە، بەڵکو پلانی ترەمپە و تەنیا لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە".
سەرۆکی پارتی نوێ باسی لەوەشکرد، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی بەرگری لەگەڵ وڵاتێک کە لە جەنگدایە لەژێر ناونیشانی ئەوەی "هەرکەس هێرشبکاتە سەر تۆ، هێرشی کردووەتە سەر من"، ڕاستەوخۆ تورکیا پەلکێشی ناو جەنگەکە دەکات.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ڕێککەوتنی مەککە؛ تورکیا، پاکستان و سعودیە هەماهەنگیی سەربازی دەکەن
57 خولەک پێش ئێستا