کەشناسێکى کورد: ئەمساڵ بڕی بارانبارین 60% زیاتر دەبێت

مەعاز فەرحان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • پێشبینییەکانى کەشناس و شارەزایان هەواڵى دڵخۆشکەریان پێییە.
  • پایز و زستانى ئەمساڵ، بەهارى داهاتوو تەڕو تووش دەبن.
  • ئاستى دابارین لە ساڵانى ئاسایى زیاتر دەبێت.

لوقمان حەوێز، کەشناسى کورد کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە، پێشبینى کرد ئاستى دابارین لەئەمساڵدا 60% و لە سەرەتاى ساڵدا داهاتووشدا 40% زیاتر بێت لە تێکڕاى ئاسایى ساڵانە.


تێڕوانین و پێشبینییەکانی لوقمان حەوێز:

  • من لە هەموو پێشبینییەکانمدا پشت بە داتا و مۆدێلە پێشکەوتووەکانی دەزگای کەشناسیی ئەمریکی NOAA دەبەستم.
  • هیچ زانیارییەک لە خۆمەوە ناخەمەڕوو، بەگوێرەى نوێترین مۆدێل و پێشبینییەکانی ئەم دەزگایە پێشبینییەکان دەخەمەڕوو.
  • مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی ئەمساڵ 2026: بڕ و ڕێژەی باران بۆ هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان 60% زیاتر دەبێت لە تێکڕای ئاسایی بارانبارینی ساڵانە.
  • ​مانگەکانی 1 و 2 و 3ـی ساڵی 2027: بڕ و ڕێژەی باران بۆ هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان 40% زیاتر دەبێت لە تێکڕای ئاسایی بارانبارینی ساڵانە لە هەریەکە لەو سێ مانگەدا.
  • تێکڕای ئاسایی بارانبارینی ساڵانە بۆ هەر شار یان ناوچەیەک بریتییە لە تێکڕای بڕی بارانبارینی ئەو ناوچەیە لە 30 ساڵی ڕابردوودا.
  • دیاردەی ئێلنینۆی بەهێز ئێستا بەڕێوەیە لە زەریای هێمن، وەرزی دابارینی ئەمساڵ باش دەبێت.

ئەم پێشبینییە لە کاتێکدایە نزیکەى 25 ڕۆژ بەسەر وەرزى پایزدا تێپەڕیوە، هەندێک ناوچە بارانى پچڕ پچڕ و هەورەبروسکەیان بەخۆوەبینیوە، پێشبینى دەکرێت ئەمساڵ لە 5ـى 11 تاوەکو ناوەڕاستى مانگى 11 پەڵە بدات و جووتیاران جووتى خۆیان بکەن.


زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

یەکەم بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد

مەعاز فەرحان

2 کاتژمێر پێش ئێستا