ڕۆیتەرز: ئێران تاکتیکی نوێی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بەکاردەهێنێت
پووختەی هەواڵەکە
- ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران لە گەرووی هوورمز تاکتیکی سەربازیی نوێ بەکاردەهێنێت
- ئاژانسەکە: لە بری سیستمی ڕادار ئێران سیستمێکی دیکەی چاودێری بەکاردەهێنێت و بڕیارەکەش لەلایەن بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ئێرانەوە دراوە.
دوو بەرپرسی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە تاکتیکێکى نوێ بەکاردەهێنێنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخى گەرووى هوورمز و بە ئەمانجگرتنی ئەو کەشتیانەى کە بەنیازن گەڕووەکە تێپەڕێنن بەبێ هەبوونى هەماهەنگى لەگەڵ هێزە دەریاییەکانى ئەوان.
فشارکردن لە ئەمریکا
- هۆکارى ئەم کارانەى ئێران هێشتنەوەى نرخى نەوتە بە بەرزى و درووستکردنى کاریگەرییە لەسەر هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا.
- سەرچاوە ئێرانییەکان هیچ وردەکارییەکییان لەسەر تاکتیکە نوێیەکان بۆ ڕۆیتەرز ئاشكرا نەکردووە.
- ئەوەی ئاماژەی پێدراوە ئەوەیە کە ماوەی 10 ڕۆژە ئێران تاکتیکی سەربازیی نوێ بەکاردەهێنێت دژ بەو کەشتییانەی کە ڕێنماییەکانی ئەوان پێشێل دەکەن.
- لە ئێستادا جارێکی دیکە هێرشەکانی سەر کەشتییەکانی هوورمز زیادیان کردووە.
- ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەکانی نوسیویەتی، بڕیارەکە لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی سەرکردایەتی ئێرانەوە دراوە و لە هەموو کایەکانی سیستمی حوکمڕانی وڵاتەکەش کاری پێدەکرێت.
ئەمریکا چی دەڵێت؟
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاش لەسەر ئەم بابەتە قسەی کردووە و دەڵێت، ڕاستە تاکتیکی ئێران بەشێوازێکی بەرچاو گۆڕاوە، بە جۆرێک دوای ئەوەی ئەمریکا سیستمی ڕاداری وڵاتەکەی تێکشکاند ئێستا سوپای پاسداران بەبەلەمی بچوک چاودێری ئامانجەکانییان دەکەن لە ناویاندا کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا.
هەفتەی ڕابردووش، لە هێرشێکدا کە لە میدیاکان بڵاونەکرایەوە، سوپای ئەمریکا بۆی دەرکەوت کە سیستمی چاودێری ئێرانی لە کەشتییەکی بچووکەوە کاری دەکرد و ئامانجەکانی بە سوپای پاسداران دەگەیاند، بەڵام سوپای ئەمریکا توانیویەتی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کەشتییە بێتەوە و تێکی بشکێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ قوربانییەک تۆمار بکرێ
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بێت، ئێران ئێستا نایەوێت سەرجەم بەلەمە خێراکانی بخاتە مەترسییەوە هەر بۆیە ناتوانێت بەتەواوی ڕێگە لە گواستنەوەی نەوت بگرێت لە گەرووەکە.
جەنگی هەڵبژاردنەکان
بەگشتیش جەنگەکە بووەتە کێشەیەکی سەرەکی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت و دەرئەنجامەکەی ئەو پارتە دیاری دەکات کە کۆنترۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات.
بەگوێرەی داتا سەربەخۆکانیش بێت، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هێرشی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هوورمز بەرزبووەتەوە بە جۆرێک لە 48 کاتژمێر پێنج ڕووداوى هێرشکردنە سەر کەشتییەکان تۆمار کراوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا