ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: پێویستە پشکی بودجەی هەرێم 14.14% بێت

هونەر رۆستەم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

پووختەی هەواڵەکە

  • پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا لەسەر بنەمای ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووان کە (14.14٪) یە دیاری بکرێت.
  • پێویستە مووچە، شایستە داراییەکان و پلەی وەزیفیی سەرجەم مووچەخۆران و پێشمەرگە و چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێم بە یەکسانی دابین بکرێت.
  • دەبێت شایستەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی عێراق بێت نەبەسترێتەوە بە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەکەیان خستووەتەڕوو


ڕاگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران

  • لە کۆبوونەوەکەدا، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
  • شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەو دەق و پێشنیازانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو، پێشکەش کرد.
  • ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (14.14٪) یە دەبێت ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵدا.
  • ئەنجومەنی وەزیران: مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەرخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت.
  • دەبێت شایستەی فەرمانبەران بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق دابیبکرێت و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.
  • ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.

دەستەبەری کرێکاران

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

مەبەست لەم بڕیارە، ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی داهاتەکانی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە داهاتەکانی ئەم سندوقە، بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

 ململانێی ژمارەکان لەسەر بودجەی 2027؛ هەولێر 14.14% دەوێت و بەغدادیش ڕەزامەند نییە

هونەر رۆستەم

1 کاتژمێر پێش ئێستا