ململانێی ژمارەکان لەسەر بودجەی 2027؛ هەولێر 14.14% دەوێت و بەغدادیش ڕەزامەند نییە
پووختەی هەواڵەکە
- ئەم هەفتەیەش پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان ناکرێت
- بە گوێرەی زانیاریی کەناڵ8 تاوەکو ئێستا هەولێر و بەغداد لەسەر بودجە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
- هەرێمی کوردستان داوای 14.14ی بودجەی عێراق دەکات.
بەگوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، تاوەکو ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند نەکراوە و تاوەکو ئێستا ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش نەکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان یەکلا نەکراوەتەوە.
بەم زووانە پەسەند ناکرێت
کەناڵ8 زانیویەتی، پڕۆژەیاسای بودجە لەم هەفتەیەشدا لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند ناکرێت، چونکە گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەردەوامییان هەیە.
80 هەزار دامەزراندن
هەرێمی کوردستان داوای بەشە بودجە دەکات لە یاسای بودجەی ساڵی 2027 و داواکارە پشکی 14.14ـی پێبدرێت لەگەڵ دامەزراندنی 80 هەزار کەس لە بودجەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێککەوتن لەوبارەیەوە نەکراوە و بەغداد دەیەوێت 12.70 بداتە هەولێر و مانگانەش بەگوێرەى پارەی بەردەست، پارە بۆ هەولێر ڕەوانە بکات.
نوێنەرانی کورد چییان پێدەکرێت؟
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران جێگیر نەکرێت، ئەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانرێت هیچ کارێک بکرێت.
گوتیشی، ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت دەستکاریی هیچ بڕە پارەیەک بکات و توانای نییه یەک هەزار دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات، ئەگەر پێشتر ڕێککەوتنەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران جێگیر نەکرێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات
بەغداد داوای ناردنی شاند دەکات؛ هەرێم هەوڵی زیادکردنی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەدات
2 کاتژمێر پێش ئێستا