حەسەکە؛ ئەوانەى سووکایەتییان بە پیرۆزییەکانى کورد کردبوو دەستگیرکران
ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- لە حەسەکەى ڕۆژئاواى کوردستان هێزەکانى دژەتیرۆر ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا.
- ژمارەیەک لەو کەسانە دەستگیرکران کە سووکایەتییان بە پیرۆزییەکانى کورد کردبوو.
بەگوێرەى زانیارییەک گەیشتووەتە پەیامنێرى کەناڵ8، لە حەسەکەى ڕۆژئاواى کوردستان، ئۆپراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانە ئەنجامدرا کە هەوڵى نانەوەى پشێوی، ئاژەوە و دووبەرەکییان داوە و سوکایەتییان بە پیرۆزییەکانى کورد کردبوو.
ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لە بارەى هەڵمەتەکە:
- هەڵمەتەکە لە پاش هەوڵەکانى ئەمدواییە دێت لە حەسەکە بۆ دروستکردنى شەڕ لە نێوان پێکهاتەکان.
- جەخت لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە مافە یاساییەکانی دەستبەسەرکراوان و ئاشکراکردنی چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردنیان و ئەنجامنەدانى مامەڵەى تووند لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکان.
- پێویستە چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و گرژییەکان لە ڕێگەى دیالۆگ و لێپرسینەوەى یاسایی بێت. ڕێز لە پیرۆزییەکانی سەرجەم گرووپ و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان بگیرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە حەسەکە چەند جارێک سووکایەتى بە ئاڵاى کوردستان و یەپەژە و یەپەگە و شەهیدان و کەزیى ژنان کرا و بەهۆى ئەم ڕووداوانەوە پێنج کەس برینداربوون کە سیانیان هاونیشتمانیى سڤیل و دووانیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون.
ڕۆژى هەینى ڕابردوو، 13 کەس دەستگیرکران و ئۆپراسیۆنەکەى شەوى ڕابردوو فراوانتر بووە و بە گوتەى پەیامنێرى کەناڵ8، ژمارەیەکى زۆر زیاتر لەو ژمارەیە دەستگیرکراوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ئارام قەرەداغی
2 کاتژمێر پێش ئێستا