وردەکارى دەنگدان لەسەر تەواوکردنى کابینەکەى زەیدى
پووختەى هەواڵەکە:
- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
- بڕیار وایە سێ وەزارەتی نوێ بۆ حکومەتی عێراق زیاد بکرێن.
- دەنگ بە جێگرەکانى عەلى زەیدى دەدرێت.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر ئەو نۆ وەزارەتە دەدرێت کە تاوەکو ئێستا پڕ نەکراونەتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا بە وەکالەت بەڕێوەدەبران، پەرلەمانتار دیلان غەفوور بە کەناڵ8ـى گوت "تاوەکو شەوى ڕابردوو ناوى بەربژێرەکان نەهاتووە بۆ پەرلەمانتاران".
وەزارەتەکان:
پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کار، ناوخۆ، وەرزش و لاوان، خوێندنى باڵا، بەرگرى، ڕۆشنبیرى و گەشتوگوزار، کۆچ.
گۆڕانکاری لە پێکهاتەی وزاریی کابینەکەى زەیدى:
- وەزارەتی گەشتوگوزار بە فەرمی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری جیادەکرێتەوە.
- وەزارەتی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی (ژیریی دەستکرد) بە مەبەستی بەدیجیتاڵیکردنی کارەکانی حکومەت زیاد دەکرێت.
- وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان زیاد دەکرێت.
جێگرانی سەرۆکوەزیران
بڕیاریشە لە کۆتایی دانیشتنەکە، پەرلەمانتاران دەنگ بەو بەربژێرانە بدەن کە بۆ پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران دەستنیشانکراون.
بەربژێرەکان:
- لەیس خەزعەلى براى قەیس خەزعەلى ئەمیندارى بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق.
- موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى هاوپەیمانیی ئەساسى عێراقى.
- محەممەد تەمیم، سەرکردە لە حیزبى تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسى و وەزیرى پێشووى پلاندانانى عێراق.
- فارس بریفکانى، لە پارتى دیموکراتى کوردستان.
ڕۆژی سێشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، پێشنیازی کردبوو کە پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەم وەک وادەی دانیشتنەکە دیاریبکرێت.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
کەناڵ8 ناوى بەربژێران بۆ وەزارەتە بەتاڵەکانى کابینەى زەیدى بڵاودەکاتەوە
54 خولەک پێش ئێستا