ئەمڕۆ دادگاییکردنی لاهور جەنگی و تۆمەتبارانى دیکە بەڕێوەدەچێت

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • پێشتر لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
  • بە ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن.
  • لە دانیشتنی 17ـی ئەیلوول لاهوور جەنگی پەیوەندى نهێنى خۆى لەگەڵ ئەژى ئەمین ئاشکرا کرد.

زانیاریى ئەوە بە کەناڵ8 گەیشت، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دادگای 2ـی تاوانەکانی سلێمانی، دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی لاهوور جەنگی و تۆمەتبارانى دیکە بەڕێوەدەچێت.


زانیاریى لەبارەى دانیشتنەکەوە:

  • بڕیار بوو یەکی تشرینی یەکەم دادگاییەکە بەڕێوەبچێت.
  • بەهۆی پشووەوە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و دواتر لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانیشتنێکی دیکە کرا.
  • تێیدا بەشێک لە تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیان ناوە، بۆ زیاتر لێکۆڵینەوەش لە بەڵگەکان دادوەر کۆبوونەوەى بۆ ئەمڕۆ 15ـى تشرینى یەکەم دواخست.
  • لاهور جەنگی و هاوڕێکانی بەگوێرەی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن.
  • ئەم دانیشتنە بۆ وەرگرتنی گوتەی تۆمەتباران و پێداچوونەوەیە بە بەڵگە پێشکەشکراوەکان.
  • ماددەی 56 تایبەتە بەو کەسانەی لە پشت گرووپی تاوانکارییەوە بوون یان بە فەرمانی ئەوان تاوان کراوە بەبێ ئەوەی خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستڕێژییان لێکردبێت.

دادگاییەکانى پێشتر:

یەکەم دانیشتنی ئەم دۆسییەیە لە 12ـی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسییەکە و ژمارەی تۆمەتباران تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە.

لە دانیشتنی ڕۆژی 17ـی ئەیلوولی 2026، لاهور جەنگی دانی بە پەیوەندی و دانیشتنەکانی لەگەڵ ئەژی ئەمین ناوە و ئاشکرای کرد، داوای چەکداری شارەزا و قەناس و دۆشکەی لێکردووە، لە هەمان کاتدا ئەندامێکی هێزەکەی ئەژی ئەمین بە فەرمی دانى بەوەداناوە کە ئامادەکاریان کردبوو بۆ بەکارهێنانى درۆنى خۆکوژ بۆ بە ئامانجگرتنى دەباشان.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

لاهوور جەنگی لە بەردەم دادوەر: "داوام لە ئەژی ئەمین کرد عەدەد قەناس و دۆشکەم بۆ بنێرێت"

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا