گێڕانەوەى ڕاستییەکان؛ ساڵێک لەمەوبەر لە لالەزار پیلانى چى دانرا بوو؟
پووختەى هەواڵەکە
- لە لالەزار پیلانى جۆراوجۆر دژى ئاسایش و ئارامیى سلێمانى داڕێژرا بوو.
- پێش ڕێکارەکانى دەزگا ئەمنییەکان، بەڵگەکان خرانە بەردەم دادوەر.
- چەکدارەکانى لالەزار ڕووبەڕووى هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.
دواجار دادوەر، دۆسییەى پیلانێکى بۆ تێکدانى ئاسایشى سلێمانى و کوشتنى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئاکام گەیاند و بەرپرسیاران و تێوەگلاوان سزاى دادوەرانەى خۆیان وەرگرت.
باسکردنى ڕابردوویەکى نزیک:
هۆکارى سزادانەکەش بۆ ڕووداوەکانى نزیکەى ساڵێک و دوو مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە تێیدا زانیاریی گەیشتە هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى، ئەژى ئەمین هێزى لە هەولێرەوە هێناوەتە لالەزار بارەگاى لاهور جەنگى و پیلان هەیە هێرشبکرێتە سەر دەباشان و دامەزراوەکانى حکومەت و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ.
بەڵگەکان خرانەڕوو:
- بەڵگەى پێویست لەبارەى پیلانەکە خرایە بەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوە.
- پاش دیراسەکردنى ئەم بابەتە و پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوە، دەرکەوت کات لە بەرژەوەندى خەڵکى سلێمانى نییە و ئاشتی و ئارامیی شارەکەدا نییە، خەریکە کار لە کار دەترازێت، چونکە هێز لە هەولێرەوە ڕەوانە کراوە.
- هۆتێلێک کراوەتە سەربازگەی ڕاهێنانی سەربازی، درۆن ئامادە کراوە، نیشانشکێن لەناو یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنی حەوانەی خەڵکی مەدەنی ئامادەکراون بەرامبەر بە شوێن و ماڵى بەرپرسانى حیزبى لەناویاندا بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى بۆ تیرۆرکردنی.
- بۆیە دوای بەدواداچوون فەرمانى گرتن بەگوێرەى ماددەى 56 لە یاساى سزادانى عێراقى بۆ تۆمەتبار لاهور جەنگى دەردەچێت.
- بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە بچێتە بەردەم دادوەر، بۆیە هەر لەو کاتانەدا زیاتر لە 10 جار داوا لە لاهور شێخ جەنگى کرا کە بچێتە بەردەم دادوەر، هەموو جارەکان ڕەتیکردەوە.
هێزە ئەمنییەکان کەوتنە خۆیان:
- لە ئان و ساتى بەر لە جێبەجێکردنى پیلانەکە، هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى کەوتنەخۆیان و کۆنترۆڵى دەروازەکانى شاریان کرد.
- دواتر هێز چووە بەردەم هوتێل لالەزار و چەند جاری دیکە بە بڵندگۆ و لەڕێی نێوەندگیرەوە داوا لە لاهور جەنگى و هاوکارەکانى کرا خۆیان ڕادەست بکەن.
- ئەو ڕەتیکردەوە خۆى ڕادەست بکات و وەک لە چەند ڤیدیۆیەک کە خۆی تۆماری کردبوون لە سەربانی ماڵەکەیەوە بانگەشەی شەڕی دەکرد.
- ئەو چاوەڕوان بوو بەو هێزەى کۆى کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بشکێنێت و دەستبەسەر دامودەزگاکاندا بگرێت و پیلانەکەى جێبەجێ بکات.
لاهور جەنگى پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی دا
لاهور جەنگى لەبرى ڕێگرى لە ڕشتنى خوێنی هێزە ئەمنییەکان، دەستی لە هێزە ئەمنییەکان وەشاند و لەو گەمارۆیەی خرابووە سەر ماڵەکەی بۆ دەستبەسەرکردنی وەک تۆمەتبارێک، لەجیاتی خۆڕادەستکردن، هەر ئەو شەوە یەکەم تەقەی ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان کرد.
ئەمە ماددە یاساییەکەی لەسەر قورستر کرد. بووە هۆى شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هەردوولا.
پاش سێ کاتژمێر شەڕو پێکدادان سەرەنجام لاهور شێخ جەنگى دەستگیر کرا، پاشان پۆڵاد جەنگی، دواتر ڕێبوار حامى حاجى غالى خۆى ڕادەست کرد و کۆتایی بە پیلانى کودەتا و تێکدانى ئارامى شارى سلێمانى و کوشتنى سەرکردەکانى یەکێتی لەنێویاندا بافڵ تاڵەبانی هێنرا، کە بەهاوکارى ئەژى ئەمین داڕێژرابوو.
دانپێدانانى دەستگیرکراوان
- بڵاوکردنەوەى دانپێدانانى هەشت لە دەستگیرکراوان، بۆ هەمووان شۆک بوو بەتایبەت کەسوکارى ئەو گەنجانەى لەلایەن ئەژى ئەمینەوە لە هەورازە نەفتە ڕاهێنانیان پێکرابوو، دواتر هەڵخەڵەتێنرابوون و هێنرابوون بۆ لالەزار.
- کەسوکارى ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان دواى بیستنى هەواڵى دەستگیرکردنى کوڕەکانیان تووشى شۆکبوون، ئەوان گوتیان کوڕەکانیان لەلاى ئەژى ئەمین بوون لە هەورازە نەفتە خێرە لە سلێمانى دەستگیرکراون!.
پیلانى تیرۆرکردن
- لە 27ـى ئابى 2025 دواى بڵاوبوونەوەى دانپێدانانەکان، بۆ ڕای گشتى و هەموولایەک دەرکەوت، چ پیلانێک لە ئارادا بووە و چۆن ئامادەکارى بۆکراوە، چۆن چەک و درۆن لەلایەن ئەژى ئەمینەوە هێنراوەتە سلێمانى و لە سێ شوێنى بەرامبەر دەباشان دانراون و بەنیازبوون لە یەککاتدا بە چەکى قەناس و درۆن بافڵ جەلال تاڵەبانى لە دەباشان بکوژن، لە هەمانکاتیش لە هەولێر، ئەژى ئەمین هێرش بکاتە سەر قوباد تاڵەبانى.
- دواى قۆناغى دەستگیرکردن و دانپێدانان، قۆناغى دادگاییکردن دەستیپێکرد، لە یەکەم دانیشتنى دادگاییکردن لە 12ـى کانوونى یەکەمى 2026 لە دادگاى تاوانەکانى سلێمانى بەڕێوەچوو.
- ئیتر لێرە بەدواوە دۆسییەکە ڕێڕەوى یاسایی خۆى وەرگرت و دەستگیرکراوان برانە بەردەم دادوەر.
- لە چوارەم دانیشتنى دادگاییکردنەکەدا کە لە 10ـى ئەیلوولى 2026، وتەی 4 تۆمەتبار دانیان بەپیلانەکەدا ناو هەموو شتێکیان بۆ دادوەر ڕوونکردەوە.
- ڕێبواری قەناس دانی بە بوونی ڕێککەوتن بۆ هەوڵی تیرۆر و کودەتادا ناوە، ڕێنوار زریان ئەویش دانی بە کۆی ئەو تاوانانەدا نا کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئاراستەی کرابوون، پێشەوا حەسەنیش دانی بەوەدا نا کە بەشداریی لە خولێکی سێ مانگیدا کردووە بۆ بەکارهێنانی درۆن.
- تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی بۆتان کە گوایە لەگەڵ پێشەوا حەسەندا لە خولی بەکارهێنانی درۆن بووە، بەتەواوی وتەکانی هەفتەی پێشووتری ڕەت کردەوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
- لە دانیشتنی ڕۆژی 17ـی ئەیلوول لە دادگای سلێمانی، ڕێبواری حامی حاجی غالی وردەکاریی پیلانێکی چەکداریی بۆ بەئامانجگرتنی ماڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان ئاشکرا کرد.
- ڕێبوار ڕایگەیاند لەگەڵ قەناس بەدەستێکدا چوونەتە ناو شوقەیەک و بە مەبەست دەستکاری دووربینەکەی کردووە تاوەکو تەقە لە سەرۆکی یەکێتی نەکرێت.
حەوت دادگایى
لەماوەى ڕابردوودا حەوت دانیشتنى دادگاییکردنى لاهور جەنگى و هاوکارەکانى بەڕێوەچوو، لە دوایین دانیشتن کە لە 8ـى تشرینى یەکەمى 2026 بەڕێوەچوو، دادوەر تۆمەتەکانى ئاڕاستەى سەرجەم تۆمەتباران کرد، بەڵام بەهۆى پێشکەشنەکردنى لائیحە لەلایەن پارێزەرانى تۆمەتباران و داواکارى گشتى، دانیشتنەکە بۆ 15ـى تشرینى یەکەمى 2026.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
دادگاى تاوانەکانى دووى سلێمانى بڕیارى کۆتایی لە سەر دۆسییەى تۆمەتبارانى لالەزار دەرکرد
3 کاتژمێر پێش ئێستا