ئەوەى لاهور جەنگى و تۆمەتبارانى دیکە دانیان پێدانا
پووختەى هەواڵەکە:
- لەبەردەم دادوەر دان بە پیلانى کوشتنى بافڵ جەلال تاڵەبانى نرا.
- ڕێبوارى قودرەت و ڕێبوارى حامى حاجى غالى وردەکارى پیلانەکەیان باسکرد.
- لاهور جەنگى دانی بەوەدا نا پەیوەندیى لەگەڵ ئەژى ئەمین هەبووە.
ڕۆژی پێنجشەممە 17ـى نۆ لە دادگای سلێمانی گوتە لە سێ کەس وەرگیرا، ئەوانیش بریتیبوون لە ڕێبوار حامی حاجی غالی، پۆڵاد جەنگی بورهان و لاهوور جەنگی بورهان، کە ڕێبوار قودرەت و ڕێبوارى حامى حاجى غالى پیلانى کوشتنى بافڵ جەلال تاڵەبانییان ئاشکرا کرد.
ڕێبوارى قودرەت:
سەرەتا دادوەری لێکۆڵینەوە پرسیاری ئاڕاستەی ڕێبواری قودرەت کرد، سەبارەت بەوەى دانی بە هەموو شتێکدا نابوو بۆ کوشتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و هەموو ئەو هەوڵانەی دیکە کە بۆ ئەو مەبەستە دابوویان.
لە دەستپێکی دادگاییەکەدا، دادوەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی داواکاریی پارێزەرەکان پرسیاری دۆخى دەروونى لە ڕێبواری قودرەت کرد، ئەویش ڕەتیکردەوە هیچ نەخۆشییەکی دەروونى هەبێت و جەختیشى لە ڕاستى قسەکانى پێشترى کردەوە.
دادگایى ڕێبواری حامی حاجی غالی
لە دواى ڕێبوار قودرەت، نۆبەى ڕێبواری حامى حاجی غالی هات، ئەویش باسىى ئەو شەوەی کرد کە ئەژی ئەمین هاتبوو بۆ سلێمانی بۆ لای لاهوور جەنگی.
ڕێبوار گێڕایەوە کاتێک چوو بوو لە دەرگای ماڵی لاهوور جەنگیی داوە، ئەژی ئەمین دەرگای لێ کردبووەوە و باوەشی پێداکردبوو، ئەمیش سەرسام بووە. پاش نانخواردن کۆبوونەوەیەک کرابوو، بەڵام ڕێبوار گوتوویەتی کە ئەو لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نەبووە.
هەر لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی هەوڵی کوشتنەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیشدا، ڕێبوار لەبەردەم دادوەردا گوتوویەتی: ئێوارەیەک لاهوور جەنگی تەلەفۆنی بۆ کردبوو و پێی گوتبوو بچێتە لای ڕێبواری قودرەت و کارێکی هەیە بۆی جێبەجێ بکەن.
هەروەها دانی بەو ڤیدیۆیەشدا نا کە کاتێک چووبوونە شوقەکە لەگەڵ ڕێبواری قودرەتدا یەکی جانتایەکیان لەپشتدا بوو، گوتوویەتی ئەو دوو جانتایە دوو تاقم و دوو چەکی ئێم فۆڕی تێدا بووە، بەڵام دڵنیا نەبووە کە تاقمەکان لە جانتاکەی خۆیدا بوون یان چەکەکان، بەڵام ئەوانەیان پێ بووە بۆ حاڵەتی لەناکاو.
هەر لە درێژەی گێڕانەوەی ئەو ڕۆژەی ناو شوقەکەشدا، گوتوویەتی ڕێبواری قودرەت چووبوو لای پەنجەرەکە و بە دووربینی قەناسەکە سەیری دەرەوەی کردبوو.
ڕێبواری حامی حاجی غالی گوتوویەتی تاوەکو ئەوکاتە نەیزانیبوو هەوڵێک هەیە بۆ کوشتن، پاشان دەستکاریی ڕێکخستنی دووربینەکەی کردبوو و تێکی داوە، بۆ ئەوەی ئەگەر بافڵ تاڵەبانی لەو کاتەدا دەرکەوتایە، قەنناسەکە فريای نەکەوتایە بیکوژێت.
واتە هەردوو ڕێبوارەکە لە دانپێدانانەکانیان لەبەردەم دادوەردا جەختیان لەوە کردبووەوە کە بەڵێ هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی هەبووە و پێیان گوترابوو کە بیكوژن، بەڵام هیچیان خواستی ئەوەیان نەبووە.
پارێزەرەکان شۆکبوون
ئەو قسانەش پارێزەرەکانیانی لە دادگادا شۆک کردبوو کە گوێبیستی ئەو قسانە بوون، بۆیە یەکسەر پێیان گوتبوون ئایا لێیان درابوو یان گوشار لەسەریان بووە کە ئەو قسانە دەکەن.
ڕێبواری حامى حاجی غالیش گوتوویەتی نەخێر و هیچ کێشەی نەبووە و ڕاستییەکان دەگێڕێتەوە.
پۆڵاد چى گوت؟
پاش ئەوەی ڕێبواری حامی حاجی غالی قسەیەی تەواو کرد، پۆڵاد جەنگی بورهان هاتە هۆڵی دادگا.
پۆڵاد جەنگی دەستی بە قسە کرد و باسی ئەو ئیفادەیەی کرد کە پێشتر لێی وەرگیرابوو بگۆڕێت. بۆیە پۆڵاد گوتبووی بریندار بووە، لەو کاتەدا دەرمانی مۆرفینیان پێداوە و لە ژوورێکی ساردا کە سپلیت تێیدا کارى کردووە دانراوە و ئەو قسانەی هەڵبەستووە.
بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکان کە لە داواکاری گشتی و لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی ئەوکاتەوە دەستکەوتبوون، لەو کاتەدا لیژنەکە بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی و پارێزەرەکان چووبوونە لای و خۆیان پێ ناساندبوو، پێیان گوتبوو ئیفادەی لێ وەردەگرن و لە هیچ وەڵامێکی پرسیارێکیشدا زۆریان لێ نەکردبوو و لە وەڵامدانەوەدا ئازاد بوو، ئەویش گوتبووی ئامادەی هەموو وەڵامدانەوەیەک بووە. دەنگەکانیشی لەو ئیفادەیەی پێشتریدا تۆمار کرابوون.
پاشان بە ئامادەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوە و دادوەری گشتیدا جارێکی دیکە گوتەی لێ وەرگیرابووەوە و هەمان ئەو قسانەی ئیفادەی یەکەمی کردبوو، هەرچییەکی گوتبا بۆیان نووسیبوو، پاشان پێیان گوتبوو ئەوەی گوتوویەتی لەوێدا نووسراوە و با بیخوێنێتەوە بۆ ئەوەی لە گوتەکانی دڵنیا ببێتەوە، ئەویش گوتبووی ناتوانێت کوردی بخوێنێتەوە.
بۆیە بۆیان خوێندنبووەوە و گوتبووی هەمووی تەواوە و بە ئامادەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوە و داواکاری گشتیدا خۆی پەنجەمۆری ئیفادەی یەکەمی کردووە و واژۆیشی کردووە.
هەروەها لە باسی هەوڵی کوشتنەکەی بافڵ تاڵەبانیشدا لەو شوقەیەی کە ئامادەکارییەکانی تێدا کرابوو و هەردوو ڕێبوار (قودرەت و حامى حاجی غالی) دانیان پێدا نابوو، پۆڵاد جەنگی بێئاگایی خۆی دەربڕیبوو. بەڵام لە بەڵگە ڤیدیۆییەکاندا کە هەبوون و پیشانیان درابوو، پێشتر پۆڵاد جەنگیش لەگەڵ کەسێکدا دەردەکەوت کە هاتووچۆی شوقەکەی دەکرد بە ناوی ئەحمەد ئەسەف، کە ئەو کەسە هێشتا دەستگیر نەکرابوو و لە هەولێر بوو لای ئەژی ئەمین.
دانپێدانانى لاهور جەنگى
پاشان لاهوور جەنگی بانگی هۆڵی دادگا کرا و بە هەمان شێوەی ڕێبواری حامى حاجی غالی، پۆڵاد جەنگی چووە شوێنی ڕاگیراوان و گوێی گرت.
لاهوور جەنگی بورهان هەوڵی دا لەسەر مێژوو قسە بکات، بەڵام دادوەر پێی گوت کە پێویست بوو لەسەر دۆسیەکەی ئەو ڕۆژە بدوێت.
پاش مشتومڕێکی زۆر، دادوەر ڕێگەی پێ دا بۆ ماوەی دوو بۆ سێ خولەک قسە بکات. ئەویش باسی کوشتنی موراد کانی کوردەیی و چەند هاوڕێیەکی کرد.
پاشان دادوەر بە لاهوور جەنگی گوتبوو قسەکانی لەسەر مێژوو ببڕێت و بێتەوە سەر بابەتی دادگاییەکەی ئەو ڕۆژە، کە هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بووە.
لاهوور جەنگییش گوتبووی هیچ هەوڵێکی لەو شێوەیەی نەبووە، سەبارەت بە ڕێبواری قودرەتیش گوتبووی ئەو کەسە شێت بووە و لە خۆیەوە قسە دەکات.
لاهوور جەنگی لە ئیفادەی یەکەمیدا دانی بەوەدا نابوو کە هەندێک کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەژی ئەمین کردبوو و ئاشت بووبوونەوە، دانی بەوەشدا نابوو، کە ئەژی ئەمین پێی گوتبوو چەک و درۆنی باشی بۆ دەنێرێت.
لە ئیفادەی یەکەمیشیدا گوتبووی ئەژی ئەمینی لە هەولێریش بینیوە و لۆکەیشنی بۆ ناردبوو و چووبوو بۆ باخەکەی، بەڵام لەو دانیشتنەدا گوتبووی نا، ئەو لە سلێمانی هاتبوو بۆ باخەکەی خۆی.
پاشان لاهوور جەنگی دانی بەوەدا نا کە داوای لە ئەژی ئەمین کردبوو کە کەسی باش و ژمارەیەک قەناس و دۆشکەی بۆ بنێرێت، چونکە خۆی گوتبووی ئەوانەی لای ئەو بوون شەڕکەری باش نەبوون و شارەزای دۆشکە نەبوون، بۆیە ئەو داوایەی لە ئەژی ئەمین کردبوو.
بەدواداچوونی کەناڵ8
ئەمانە وردەکاریی دانیشتنەکەی ئەو ڕۆژە بوون و بەگوێرەى بەدواداچوونی کەناڵ8 کە لە کەسە یاساییە ئامادەبووەکانی ناو دانیشتنەکەی پرسیبوو، قسەکانی ڕێبواری حامى حاجی غالی بەتەواوی بابەتەکەی یەکلایی کردبووەوە و ڕوونبووبووەوە کە هەوڵی کوشتنەکە هەبووە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
دادگاى تاوانەکانى دووى سلێمانى بڕیارى کۆتایی لە سەر دۆسییەى تۆمەتبارانى لالەزار دەرکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا