چیرۆکى خێزانەکەى سلێمانى کە لە تورکیا چووپەکەیان نقووم بوو

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • ڕێگەى کۆچ کارەساتێکى دڵتەزێنى بەسەر خێزانێکدا هێنا.
  • خێزانەکە بەنیازبوون لە تورکیا خۆیان بگەیێنە یۆنان.
  • قاچاخچییەکان فێڵیان لێکردوون و بەڵێنى درۆیان پێداون.

زانیاریی بە کەناڵ8 گەیشت کە ڕۆژی ڕابردوو خێزانێکی پێنج کەسی خەڵکی سلێمانی، لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان، بەهۆی تەقینی چووپەکەیان، سێ منداڵیان خنکاون یان بێسەروشوێنن، دایک و باوکەکەش لەلایەن پاسەوانی دەریاوانی تورکیا ڕزگارکراون و کەسوکارەکەیان داوای بەهاناوەچوون دەکەن.


چیرۆکەکە لە زارى بارزان ڕەزا کە برای ژنەکەیە بۆ کەناڵ8:

  • هەوڵیاندا کۆچ بۆ یەکێک لە وڵاتانی ئەورووبا بکەن.
  • خوشک و زاواکەمان ڕۆژی 13ـی مانگ لە هەولێرەوە بە فڕۆکە چوونە تورکیا.
  • 50 هەزار دۆلاریان بۆ چوونە یۆنان خەواندووە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەن.

زانیارییەکان لەبارەى خێزانەکەوە:

سەرۆک خێزان: هەرێم محەممەد لەدایکبووی 1985.

هاوسەرەکەى هۆزان ڕەزا و لەدایکبوونی 1989.

کوڕە گەورەکەیان ناوی هەستیارە لەدایکبووی 2014ـیە.

منداڵی دووەم ناوی هەریادە و لەدایکبووی 2016ـیە.

کچە بچووکەکەشیان ناوی مێلایە و لەدایکبووی 2021ـیـە.

پێش بەڕێکەوتن پەیوەندییان کرد

بارزان باسی لەوەکرد، چوارشەممە پێش ئەوەی لە ئاوەکە بپەڕنەوە، زاواکەی پەیوەندی پێوەکردوون، گوتویەتى "بەنیازن بپەڕنەوە و لەوێ بەلەمی چووپ و پێداویستیی جلوبەرگی دیکەی کڕیوە".

قاچاخچییەکە وای تێگەیاندوون، کە ئاوێک هەیە لەنێوان تورکیا و یۆنان ماوەکەی کەمە و قووڵییەکەشی زۆر کەمە دەتوانن لەوێوە بیانپەڕێننەوە.

قاچاخچییەکە پێی گوتوون، پێش ئەم خێزانە دوو خێزانی دیکەی بەهەمانشێوە پەڕاندووەتەوە، بەڵام ئەمان خۆیان زۆر لە ئاو ترساون، بە گوتەى بارزان.

چووپەکە نقووم بووە

بەگوتەى بارزان کە قسەى لەگەڵ زاواکەیان کردووە، لە شاری ئەدەنەی تورکیاوە، خوشک و زاواکەیان و سێ خوشکەزاکەی لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە نوێنەری قاچاخچییەکان بوون چوونەتە ناو چووپ_بەلەمەکەوە و بەرێکەوتوون.

دواتر دوو مەترێک لە ئاوەکەدا ڕۆیشتوون، لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیاوە لایتیان لێدراوە و شڵەژاون و بەلەمە چووپەکەیان خۆی کێشاوە بە دارێکدا، تەقیووە و هەڵگەڕاونەتەوە و هەموویان کەوتوونەتە ئاوەکەوە.

بە گوتەى بارزان، بەهۆی خووڕی ئاوەکەوە لەگەڵ ئاوەکەدا ڕۆشتوون، زاواکەیان تەنیا توانویەتی هاوسەرەکەى ڕزگار بکات و دوو پیاوەکەش لەترسی پۆلیسەکان هەڵاتوون و کەس نەبوو منداڵەکان ڕزگار بکات و بە بەرچاوی خۆیانەوە ئاو بردوونی.

دواى ڕووداوەکە لە زارى بارزانەوە:

  • داوای بەهاناوە چوونی پۆلیسی کەناراوەکانی تورکیایان کردووە بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکان.
  • ئێستا هیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر منداڵەکان و دەگوترێت یەکێکیان زیندووە.
  • هێشتا هیوامان ماوە کە منداڵەکان لای پۆلیسی کەناراوەکانی تورکیا بن.
  • ئێستا دۆخی خوشک و زاواکەمان زۆر خراپە و داوای هاوکاری دەکەن.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دوای 8 مانگ مانەوە لە بەندینخانە؛ 11 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە ڕزگار دەکرێن

ئەمشەو 36 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا