کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج کورسیی پەرلەمانیی کورد لە بەغدا دەسڕێتەوە
پووختەی هەواڵەکە
- ئامانج ڕەحیم ڕایگەیاند، کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووانی هەرێم کاریگەریى لەسەر نوێنەرایەتیى کورد دەبێت لە بەغداد .
- ئامانج ڕەحیم: نوێنەرایەتیى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق 5 کورسى کەم دەکات.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک ئاماژەى بەوە کردووە، کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمى کوردستان، تەنیا کەمکردنەوەی پارە و مووچە و بەشە بودجە نییە، بەڵکو مەترسییەکە لە بودجە زۆر گەورەترە و کاریگەریی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان:
- کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە 14.14٪ بۆ 12.7٪، تەنیا پرسێکی دارایی نییە.
- ئەم پرسە دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت.
- ماددەى 49ـى دەستوورى عێراق ژمارەى دانیشتووانى وەک بنەمایەکى دەستووریى بۆ دیارییکردنى نوێنەرایەتیی پەرلەمانى دیارییکردووە.
- ئەگەر 329 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووان دابەش بکرێت و بەم ڕێژەیەى کە ئێستا بۆ دانیشتووانى هەرێمى کوردستان دیارییکراوە، نوێنەرایەتیى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق 5 کورسى کەم دەکات و لە 47 کورسییەوە دەبێت بە 42 کورسى.
- پاراستنی ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمى کوردستان، تەنیا پاراستنی بەشە بودجە نییە، بەڵکو پاراستنی دەنگ و نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانە لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراقدا.
ڕۆژى پێنجشەممەش ئامانج ڕەحیم لە بڵاوکراوەیەکدا چەند بەڵگەیەکى نایاساییبوونى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستانى خستەڕوو، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووان دژى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.
ئامانج ڕەحیم بانگەوازى لە لایەنە سیاسییەکان کرد، هەوڵ بۆ چارەسەرى کێشەى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بدەن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ئامانج ڕەحیم بەڵگەى نایاساییبوونى کەمکردنەوەى ڕێژەى دانیشتووان دەخاتەڕوو
3 کاتژمێر پێش ئێستا