ڕێنماییەکی گرنگ و خێرا بۆ پێشمەرگە لە کاتی هەورەبروسکەدا

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
هێزێکى پێشمەرگە لە کاتى مەشق و ڕاهێنان
فۆتۆ؛ حەمە سوور
هێزێکى پێشمەرگە لە کاتى مەشق و ڕاهێنان فۆتۆ؛ حەمە سوور

پووختەى هەواڵەکە:

  • ناسەقامگیریی کەشوهەوا ترسى لاى وەزارەتى پێشمەرگە دروستکردووە.
  • پایزى ئەمساڵ بە هەورەبروسکە و بارانى پچڕ پچڕ دەستیپێکردووە.
  • تاوەکو ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگە لە ئەرکدا بریندار بوون.

وەزارەتى پێشمەرگە ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی گیانی پێشمەرگەکان و ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لە کاتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بارانی بەلێزمە، کۆمەڵێک ڕێنمایی خێرای خۆپارێزی لە مەترسیەکانی هەورەبروسکە هەیە، داواش لە هێزەکان دەکات لە سەنگەر و بارەگاکاندا بە تەواوی پابەندی بن.

ڕێنماییەکان بۆ ناوچە کراوەکان و سەنگەرەکان:

  • مانەوە لە سەنگەر یان شوێنی حەوانەوە، دوورکەوتنەوە لە گرد و ناوچە بەرزەکانی سەرەوەی سەنگەر.
  • نەچوونە ژێر داری بەرز و تاک بەتەنیا.
  • دوورخستنەوەی چەکەکان، چەتر و هەموو ئامێرە کانزاییەکان لە جەستە، لەگەڵ قەدەغەکردنی تەواوی بەکارهێنانی مۆبایل.

ڕێنماییەکان بۆ ناو سەنگەر و بارەگاکاندا:

  • دوورکەوتنەوە لە دەرگای ئاسن، پەنجەرە و ستوونی کانزایی.
  • بڕینی کارەبای سەرجەم ئامێرە کارەباییەکان و شاحینەکان.
  • ئۆتۆمبێلی سەقف ئاسن بە پەنجەرەی داخراوەوە وەک شوێنێکی پارێزراو هەژمار دەکرێت.

ڕێنماییەکان بۆ کاتی گیرخواردن لە شوێنی کراوەدا:

  • چەماندنەوەی سەر لەسەر ئەژنۆ، بەستنی پاژنەی پێکان بەیەکەوە، گرتنی گوێچکەکان بە دەست (درێژبوون و ڕاکشان لەسەر زەوەی هەڵەیە).

یاسای زێڕینی (30 - 30):

  • گەڕان بەدوای شوێنی سەلامەتدا ئەگەر ماوەی نێوان بروسکە و دەنگەکەی لە 30 چرکە کەمتر بوو.
  • مانەوەوە لە شوێنی سەلامەت بۆ ماوەی لانیکەم 30 خولەک دوای بیستنی دوا دەنگی هەورەبروسکە.

ئەوە لەکاتێکدایە، 16ـى تشرینى یەکەم، دوو پێشمەرگە لە چیای قەرەچووغ لەکاتى ئەرکدا بە هەورەبروسکە برینداربوون و ڕەوانەى نەخۆشخانەى ڕۆژئاوای هەولێر کران، پێشتر و لە ڕۆژى 11ـى تشرینى یەکەمى 2026، بە هەمانشێوە دوو پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای مووسڵ بە هەورەبروسکە برینداربوون.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دوو پێشمەرگە بە هەورەبروسکە برینداربوون

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا