عارف شێروانى: بەرهەمى هەنگوینى ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستان هەزار تۆن زیاتر بووە

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • بەرهەمى هەنگوینى ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستان هەزار تۆن زیاتر بووە.
  • ساڵى ڕابردوو هەرێمى کوردستان 400 تۆن هەنگوینى هەبووە.
  • باشترین هەنگوینى ئەمساڵ کیلۆى تەنیا50  هەزار دینارە.
  • بەهۆى زیادبوونى بەرهەمەکەوە هێشتا بەشێک لە هەنگاوانان بەرهەمەکانیان نەبڕیوەتەوە.

عارف شێروانى، سەرۆکى تۆڕى هەنگەوانانى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند "ئەمساڵ ساڵێکى گونجاو بوو بۆ بەرهەمى هەنگوین لە هەرێمى کوردستان، کە پاش کۆکردنەوەى داتاکان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان لاى هەنگەوانان دەرکەوت کە بەرهەمى ئەمساڵ هەزار تۆن هەنگوینى تێپەڕاندووە".


بەرهەمى ئەمساڵ زۆرە

  • بەهۆى زیادبوونى بەرهەمى هەنگوین بەشێک لە هەنگاوانان بەرهەمەکانیان نەبڕیوەتەوە.
  • ساڵانە لە مانگى ئاب تاوەکو کۆتایی مانگى ئەیلول بەرهەمى هەنگوین دەبڕدرێتەوە.
  • ئەمساڵ هەنگوین ئەوەندە زۆر بووە نەتوانراوە هەموو هەنگوینەکان ببڕدرێنەوە.
  • ساڵى ڕابردوو بەرهەمى هەنگوین لە هەرێمى کوردستان 400 تۆن بووە.
  • ئەمساڵ ئەو بەرهەمە هەزار تۆنى زیاتر بووە.
  • واتە دوو هێندە نیو زیاتر بەرهەمى هەنگوینى ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى2025  زیاتر بووە.

ڕێکارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ

لە کاتى پێگەیشتنى بەرهەمى هەنگوین، وەزارەتى کشتوکاڵ قەدەغەى هاوردەکردنى بەرهەمى هەنگوین دەکات، بەڵام بەگوتەى سەرۆکى تۆڕى هەنگەوانانى هەرێمى کوردستان نەتوانراوە بە تەواوى کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئەو هەنگوینەى کە دەهێندرێتە هەرێمى کوردستانەوە کوالێتییەکەى باش نییە.

کوالێتى هەنگوینى کوردستان


هەنگوینى هەرێمى کوردستان کوالێتییەکى ئاست بەرزى هەیە و بەشێک لەو بەرهەمى هەنگوینە هەناردەى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى دیکەى عێراق دەکرێت.

باشترین هەنگوینى ئەمساڵ کیلۆى بە 50 هەزار دینارە، ئەو هەنگوینەى کە شانەکەى هەنگەکان خۆیان دروستى دەکەن و دەستى مرۆڤى تێدا نییە، هاوکات ئەو هەنگوینەى شانەکان دەستى مرۆڤى تێدایە کیلۆى بە40  هەزار دینارە کە شەکر بۆ هەنگەکە دانەنراوە.

جۆرى سێیەمى هەنگوین ئەوەیە کە خواردن بۆ هەنگەکان دادەنرێن و هەنگیش تاوەکو پێنج کیلۆمەتر دەڕوات و بەدواى خواردنى شیریندا دەگەڕێت، بۆیە ئەوەش کیلۆى بە 25 تاوەکو30  هەزار دینارە.

لە هەرێمى کوردستان15  هەزار هەنگەوان بوونیان هەیە، خاوەنى هەشت هەزار سندوقى پورە هەنگن کە زیاتر لە 800 هەزار پورە هەنگیان لە خۆگرتووە، جگە لەوەی35  هەزار پورە هەنگى کۆن ماوە و هێشتا هەنگوینی تیادا بەخێو دەکرێت.

پووختەى هەواڵەکە

عارف شێروانى: بەرهەمى هەنگوینى ئەمساڵى هەرێمى کوردستان 800 تۆن زیاتر دەبێت

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا