تەرمى منداڵێکیان نەدۆزراوەتەوە؛ خێزانەکەى سلێمانى داواکارى هەیە
کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە:
- تەرمى دووان لە منداڵەکان دۆزراونەتەوە و بە دواى سێیەمدا دەگەڕێن.
- قاچاخچییەکان کوردن و کەسوکارەکەی داوای دەستگیرکردنیان دەکەن.
- وێنەى تەرمى دووان لە منداڵەکان پیشانى دایکوباوکیان دراوە.
هێشتا تەرمی منداڵێکى ئەو خێزانە نەدۆزراوەتەوە کە ڕۆژى 13ـى ئەم مانگە بەلەمەکەیان لەنێوان تورکیا و یۆنان ژێرئاو کەوت، بڕیارە 24 کاتژمێری دیکە گەڕان بەردەوام بێت.
بارزان ڕەزا، خاڵۆى منداڵەکان بۆ کەناڵ8:
- ئەمڕۆ بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەریەک گەڕان بەدوای تەرمی خوشکەزاکانمدا بەردەوامە.
- تەرمی دووان لە خوشکەزاکانم دۆزراونەتەوە و تەنیا تەرمی هەستیار ماوە.
- لە تورکیا سکاڵامان لەسەر قاچاخچییەکان تۆمارکردووە و داوای دەستگیرکردنیان دەکەین.
- قاچاخچییەکان کوردن و خەڵکی هەولێرن.
- هەوڵ هەیە گەڕان بەدوای تەرمی سێیەم منداڵدا بوەستێت.
- تەرمی منداڵەکان نەدراوەتەوە دەست دایک و باوکیان، بەڵکو تەنیا بە وێنەیان پیشاندراوە.
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بەدواداچوونى کردووە
- بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەکە بۆ کەناڵ8: لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە نوێنەری خۆمان ڕاسپاردووە کە لە تورکیا بەدواداچوون بکەن.
- بەکر عەلی: بەدواداچوونیش بۆ چارەنووسی دوو قاچاخچییەکە دەکەین.
- بەکر عەلی: زیادبوونی ڕێژەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت کاریگەریی هەبێت لە دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکەى دیکە.
- بەکر عەلی: دایک و باوکی منداڵەکە دەستگیرنەکراون، بەڵکو لە نەخۆشخانەن.
چیرۆکى دڵتەزێنى خێزانەکە
خێزانە پێنج کەسییەکەى سلێمانى، کە پێکهاتبوون لە دایک و باوک و سێ منداڵ، 13ـى ئەم مانگە بەهیواى گەیشتن بە ئەورووپا بە بەلەم هەوڵیاندا لە ئاوەکانى نێوان تورکیا و یۆنان بپەڕنەوە، بەڵام بەلەمەکەیان کە ئەم خێزانە و سێ قاچاخچى هەڵگرتبوو ژێرئاو کەوت و تەنیا ژن و پیاوەکە و دووان لە قاچاخچییەکان ڕزگاریان بوو.
ڕۆژى 16ـی مانگ، تەرمى یەکێک لە منداڵەکان (هەریاد) و ڕۆژی 17ـی مانگیش تەرمى دووەم (مێلا )منداڵیان دۆزرایەوە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
کیژان مەحمود
2 کاتژمێر پێش ئێستا