پارتی دەم بۆ ڕاوێژکارێکی ئەردۆغان: ئێوەن پرۆسەکەتان پەکخستووە
پووختەی هەواڵەکە
- پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) وەڵامێکی توندی گەورە ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری تورکیا دەداتەوە.
- پارتی دەم، مەهمەت ئوچوم بە تێکدانی کەشی ئاشتی و دانوستانەکان تۆمەتبار دەکات.
تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، وەڵامێکی توندی مەهمەت ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و بەوە تۆمەتباری کرد کە لە یەکەم ڕۆژەوە هەوڵی تێکدانی کەشی ئاشتی و دانوستانەکان دەدات.
تەیب تەمەل یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم:
- ئێوە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لە هەوڵێکی تێکدەرانەدا بوون لەپێناو ڕێگریکردن لەوەی پرۆسەکە بکەوێتە سەر ڕاستەڕێ.
- هەمیشە ڕێگرییتان لە پەرەپێدانی ئیرادەیەکی هاوبەش بۆ ئاشتی کردووە.
- هەر ئێوە بوون کارێکتان کردووە گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان ئومێدیان لەبارەی پرۆسەکە و ئەو بابەتانەی دانوستانیان لەبارەوە دەکرێت، گەشە نەکات.
- ئەوە تۆ و هاوشێوەکانتن پرۆسەکەتان پەکخستووە.
مەهمەت ئوچوم چی گوتووە؟
ئەم وەڵامەی پارتی دەم دوای ئەوە هات کە مەهمەت ئوچوم، باسی لە هەڵوێست و هێڵە سوورەکانی دەوڵەت کرد و ئاماژەی بەوەکرد ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی چارەسەریی نییە بەڵکو قۆناغی ڕاگوزەرە بەرەو تورکیای بێتیرۆر و بە دەستپێشخەریی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.
ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان ڕەخنەی لە هەڵویستی پارتی دەم گرت و ئاماژەی بەوەکرد، ململانێ ناوخۆییەکانیان و گوتارەکانیان بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە.
بەگوتەی ئوچوم ئەم هەڵوێستانەی پارتی دەمە وایکردووە، بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆسەکە و گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دوابکەوێت کە مەهمەت ئوچوم دەڵێت، پێویستە تا کۆتایی ساڵی 2026 ئەم بڕیارە دەربچێت و ڕابگەیێندرێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ڕاپرسییەک لە تورکیا: 43.8%ـی خەڵک دەڵێن پرۆسەی ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر ناکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا