پارەى دڕاوى مووچە و بازاڕ لە بانکەکانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێنەوە
پووختەی هەواڵەکە
- پارەى دڕاو و تێکچووى مووچە و بازاڕەکان کە لاى هاونیشتمانییانە، لە بانکەکانى هەرێمى کوردستان وەردەگیرێنەوە.
- ئەو کەسانە پێویستە کارتى نیشتمانى و بەڵگە فەرمییەکانیان پێ بێت تاوەکو بتوانن پارە دڕاوەکەیان بۆ بگۆڕدرێتەوە بە پارەى نوێ.
کەناڵ8 لە بانکى ناوەندیی هەرێمى کوردستان، لقى سلێمانى زانیارى پێگەیشتووە، کە پارەى دڕاو و تێکچووى مووچەى مانگانەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە بانکى ئەزمەڕ لە سلێمانى وەردەگیرێتەوە و هەرچەندێک بێت ئەو پارەیە، جا هەموو جۆرەکانى (50، 25، 5،10، یەک هەزار دینارى و 500 و 250 دینارى دەگرێتەوە.
دەربارەى پارەى دڕاو و تێکچووى ناوبازار کە لاى هاونیشتمانییانە
- بانکى ناوەندیی هەرێم لقى سلێمانى بەهەمان شێوە پارە تێکچوو و دڕاوەکان وەردەگرێتەوە.
- پێویستە ئەو کەسانەى ئەو پارانە دەگەڕێننەوە، کارتى نیشتمانى و بەڵگەنامە فەرمییەکانى پێبێت.
- لە بانکى ناوەندیی هەرێم لقى سلێمانى بۆیان پارە دڕاوەکانیان دەگۆڕنەوە بە پارەى نوێ .
هاوکات، کەناڵ8 زانیارى دەستکەوتووە لە پارێزگاى هەولێر و دهۆکیش بەهەمانشێوە لە بانکەکان پارەى تێکچوو دڕاو وەردەگیرێتەوە و پاش ئەوە لەڕێگەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان دەگەیەنرێت بە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە، بانکی ناوەندیی عێراق، ڕێکار و ئاسانکاری لە دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە خزمەتگوزاریی گۆڕینەوەى دراوی تێکچوو ڕاگەیاندووە، کە هاوڵاتییان داواکارییەکانیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی سەکۆی "ئۆر"ـەوە پێشکەش بکەن، ئەوەش بۆ تۆمارکردنى داتا داواکراوەکان تاوەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق ڕێکارە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕینەوەى پارەکان ئەنجام بدەن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
کەمبوونەوە و دڕانی پارەی وردە؛ گرفتێکی نوێ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
1 کاتژمێر پێش ئێستا