پارتی دەم بۆ تاوتوێی پڕۆسەی چارەسەریی سەردانی پارتی نوێ دەکات
پوختەی هەواڵەکە
- تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی دەم ئەمڕۆ سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ دەکەن
- سەردانەکە بەمەبەستی تاوتوێکردنی قۆناغەکانی پرۆسەی چارەسەرییە کە ئەنقەرە بە تورکیای بێتیرۆر ناویدەبات.
چاوەڕواندەکرێت لە کۆبوونەوەکەی پارتی دەم و پارتی نوێدا پێکهاتە و پرەنسیپەکانی کارکردنی لیژنەی چاودێری، بخرێنە بەرباس کە بڕیارە لەسەر ئاستی پەرلەمان و بەگوێرەی یاسای چوارچێوە، پێکبهێنرێت.
پەیوەندییەکانی دوو حزبەکە
- کۆبوونەوەکە لە بارەگای سەرەکیی پارتی نوێ لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.
- بڕیارە پارتی دەم لەبارەی ئەو قۆناغەی ئێستا پرۆسەکە پێیگەیشتووە و ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بنرێن، لەگەڵ پارتە سیاسییەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی هەبێت.
کۆبوونەوە و سەردانەکان گەرمن
پێشتریش هەر لەو چوارچێوەیەدا پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری پارتەکە، کە هەردووکیان ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی دەمن، لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمان، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەوبارەیەوە کۆبوونەوە. هەروەها شاندەکە دیداریان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) هەبوو.
پەرلەمانی تورکیا چی دەکات؟
چاوەڕوان دەکرێت نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی چاودێری لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆبێتەوە.
بەگوێرەی یاسای چوارچێوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی چاودێریکردنی چالاکییەکان و پرۆسەکە، لیژنەیەکی چاودێری پێکدەهێنێت.
لیژنەکە چاودێریی ئەو چالاکییەکانە دەکات کە لە چوارچێوەی یاساکەدا بەڕێودەچن و لەوبارەیەوە ڕاسپاردە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات.
بۆچوونی ئاکپارتی
ئاکپارتی داوایکردووە لەجیاتی پێکهێنانی لیژنەیەکی گەورە و فراوان، لیژنەی چاودێریی بچووکتر بێت و ئاماژە بەوە دەکرێت لیژنەکە لە 15، 7 یان 20 ئەندام پێکدێت.
پێشبینی دەکرێت ئەو پارتە سیاسییانەی فراکسیۆنیان لە پەرلەمانی تورکیا هەیە، بەگوێرەی ڕێژەی نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا، ئەندامیان لە لیژنەکەدا هەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکاندا یەکلابێتەوە کە بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژی ئایندەدا بەڕێوەبچن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
شاندی ئیمراڵی و دەوڵەت باخچەلی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کۆبوونەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا