سەدر: خۆپیشاندانەکان پایزى وڵاتانى ئەورووپیيە

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • موقتەدا سەدر پەیامێکى لەبارەى خۆپیشاندانەکانى ئەورووپا بڵاوکردەوە.
  • سەدر لە یەککاتدا بۆ خۆپیشاندانەکان پایز و بەهار بەکاردەهێنێت.
  • موقتەدا سەدر: ئەورووپا لەبەردەم مەترسییەکى گەورەى هەژارییدایە.

موقتەدا سەدر، ڕێبەرى ڕەوتى نیشتمانیى شیعە ڕایگەیاند، ڕەنگە خۆپیشاندانەکانى ئەورووپا پایزێکى ئەورووپى بێت و هەژموونى ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵبوەرێنێت، هۆشداریشیدا لە دروستبوونى شەڕى بە وەکالەت بەتایبەتى لە عێراق و لوبنان و سووریا.


موقتەدا سەدر، لە تۆڕى ئێکس:

  • ئەورووپا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی هەژاری، دەستکورتی و کەمیی بەرهەمدایە.
  • بەتایبەت دوای ئەو پەتایەی کە هەموو جیهانی گرتەوە و دوای داخستنی گەرووی هوورمز کە قەیرانێکی توندی ئابووریی بۆ هەمووان بەدوای خۆیدا هێنا.
  • ئێمە بەوردی چاودێریی ڕووداوەکانی ئەورووپا دەکەین و بە پێویستی نازانین تەنیا تەماشاکار بین.
  • بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە شێوەیەکی ڕاست و دروست شیکاریى بۆ ئەم بابەتە بکەین.
  • تاوەکو تێگەیشتن لەم بابەتە ببێتە پێشەکییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە چاوەڕوانکراوەکانی ئێمە و ئەوانیش.

سەدر، بۆچوونى وایە، ئەو هاوارانەی لەناو کوچە، کۆڵان و شەقامەکانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەو شەپۆلی خۆپیشاندانە توندوتیژانەی کە لە هەموو لایەکەوە ڕوو دەدەن، لەوانەیە بریتیبن لە بەهارێکی ئەورووپیی جەماوەری کە لە بەرامبەردا هەژموونی ئەمریکی و ئیسرائیلی ئۆقرەییان نەماوە.

سەدر داواکارى هەیە

  • داوای لە یەمەن و سعودیە دەکەم کۆتایی بە جەنگ بهێنن.
  • جەنگەکە ستەمکاریی جیهانیی دڵخۆش کرد.
  • جەنگەکە سەرەتایەکە بۆ زیادبوونی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
  • ئەوانە ڕەنگە سەرەتایەک بن بۆ جەنگی تری بەوەکالەت، بەتایبەت لە عێراق، لوبنان و سووریا.

موقتەدا سەدر، کە لە پرۆسەى سیاسى کشاوەتەوە، ناوبەناو لەسەر ڕووداوە جیهانییەکان قسە دەکات، لە ڕۆژانى ڕابردوودا دژى قەدەغەى حیجاب لە ئازەربایجان داواى چالاکى لە قوتابخانەکان کرد.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

لە ژمارەیەک شاری فەرەنسا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیێنرا

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا