فراكسیۆنی پارتی بۆ فراکسیۆنەکان: با دانیشتنى یەکەمى پەرلەمان تەواو بکەین
کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە:
- فراكسیۆنی پارتی بەبۆنەی دوو ساڵەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە.
- فراکسیۆنى پارتى داواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەکات.
- فراکسیۆنى پارتى داواش دەکات کاراکردنەوەى پەرلەمان بە پرسى دیکەوە نەبەسترێتەوە.
فراكسیۆنی پارتی لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە بە ئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لە سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت".
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
- جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان لە ڕێزگرتنی بنەماكانی دیموكراسی و كارایی دامەزراوەكان دەكەینەوە.
- دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووین.
- هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووین كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون.
- بانگێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تاوەکو هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين.
- هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی ڕێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییەكەی.
- وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
- ئەركی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانى پەرلەمانە.
- كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبییەوە.
خواستى فراکسیۆنى پارتى
لە كۆتاییدا، فراکسیۆنى پارتى هیوادارە "ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت" و بە دیدێكی هاوبەش بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، هەمووان پێكەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن.
يەکەم دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دووى کانوونی یەکەمی2024 بەڕێوەچوو. پەرلەمانتاران سوێندى دەستبەکاربوونیان خوارد بەڵام دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردرا و دانیشتنەکە بە کراوەیى بەجێهێڵدرا.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
کەناڵ8
2 کاتژمێر پێش ئێستا