ئەو نەخۆشییە دەروونییانەی بە تەزووی کارەبا چارەسەر دەکرێن
ساڵانە لەسەرتاسەری جیهاندا بەهۆی سەختبوونی ژیان و بەرپابوونی جەنگ لە هەندێک وڵاتدا و روودانی هەندێک کارەساتی سروشتی و هۆکارە بۆماوەییەکان، دەکرێت مرۆڤەکان دووچاری گرفتە دەروونییەکان ببن، خۆشبەختانە زۆرێک لەم گرفتانە بەچەند رێگەچارەیەکی جیاواز لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی دەروونییەوە، چارەسەردەکرێن.
دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 ئەم بابەتە لەگەڵ دکتۆر جەعفەر عومەر ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە نەخۆشخانەی دەروونیی شەهید دکتۆر هێمن، تاوتوێدەكات.
لەم دیدارەدا تیشکدەخەینە سەر باسکردنی یەکێک لە رێگە چارەسەرەکان کە بۆ هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان بەکاردەهێنرێت و ئەنجامی باش و دڵخۆشکەر دەدات بەدەستەوە، ئەویش ‘ بەکارهێنانی تەزووی کارەبایە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان ‘.
د. جەعفەر عومەر هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە هەڵانە راستبکاتەوە کە لەلای بەشێک لە کۆمەڵگە لەبارەی چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا بۆ هەندێک نەخۆشی دەروونی دروستبووە.
مەبەست لە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان چییە؟
د. جەعفەر عومەر: بەکارهێنانی تەزووی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان، یەکێکە لە رێگە زانستییە بایۆلۆجییەکان، کە نزیکی سەدەیەکە لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت، لە پێشتردا رێگە و رێوشوێنی تر بەکاردەهێنران بۆ چارەسەرکردنی چارەخوازەکان، بەهەمان میکانیزم کە بریتییە لە دروستکردنی گۆڕانکاری کیمیایی یان گەشکە لە کەسەکەدا، ئەمجۆرە دروستکردنە لە گەشکە دەبێتەهۆی گۆڕانکاری و کاریگەری چارەسەریی لەسەر کەسەکە دروستدەکات.
لە زانستی پزیشکیدا پێشتر چەند رێگەیەکی دیکە بەکارهاتوون وەک بەکارهێنانی دەرزی، یان ئینسۆلین، کە بەهەمان میکانیزم کاردەکەن.
دواتر لە ساڵی 1930 دوو زانا توانییان ئەم ئامێرە دروستبکەن، تەزووی کارەبا بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی گەشکە، کە بەهەمان میکانیزمی رێگەچارەکانی پێشوو کاردەکەن. لە رابردوودا ئەم رێگە چارەسەرییە بەهۆی کەمی دەرمانی چارەسەرە دەروونییەکان زۆرتر بەکاردەهات، بەڵام ئێستا بەهۆی بەردەستبوونی کۆمەڵێک دەرمان خۆشبەختانە چارەسەر بە تەزووی کارەبا بۆ هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان کەمبووەتەوە، بەڵام ئێستاش چارسەر بە تەزووی کارەبا یەکێکە لە بژاردە زانستییەکان بۆ هەندێک نەخۆشیی دەروونی کە پێویستیانە.
چۆن تەزووی کارەبا بەکاردەهێنرێت بۆ چارەخواز؟
د. جەعفەر عومەر: چارەسەر بە تەزووی کارەبا نزیکەی 50 ساڵ دەبێت لە جیهان و لە کوردستانیشدا بەبێ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەخت ئەنجام نادرێت، بەڵکو رێگە و رێوشوێنی پێویستی بۆ دەگیرێتەبەر.
سەرەتا لەلایەن پزیشکی دەروونییەوە بڕیاری چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا دەدرێت، پاشان روونکردنەوەی پێویست بە چارەخوازەکە و کەسەکانی دەدرێت لەبارەی سوود و زیانەکانی چارەسەرەکە، دواتر دەبێت چارەخوازەکە و کەسەکانی بڕیار لەسەر وەرگرتنی ئەم چارەسەرکردنە بدەن.
پاشان چارەخوازەکە بە سڕکردنی گشتی بێهۆش دەکرێت، دواتر تەزووی کارەبا لەرێگەی ئامێرێکی تایبەتەوە لە هەردوولای سەرییەوە بەناو مێشکیدا لە ماوەی کەمتر لە چرکەیەک تێپەڕدەبێت و لادەبرێت کە ئەم تەزووی کارەبایە گەشکەکە دروستدەکات بەڵام نەخۆشەکە هەست بە هیچ نارەحەتی و ئازار و بێتاقەتییەک ناکات، چونکە پێشتر بە سڕکردنی گشتی بێهۆشکراوە، دواتر لەماوەی دوو بۆ سێ خولەک نەخۆشەکە بەنج بەریدەدات و باری ئاگایی دەگەڕێتەوە، واتە هەموو کردەکە ماوەی 5 بۆ 10 خولەک دەخایەنێت.
ئەمجۆرە چارەسەرە بەگوێرەی نەخۆشییەکە پێویستدەکات شەش بۆ 12 جار بەکاربهێنرێت بۆ چارەخوازەکە، بەشێوەیەک لە هەفتەیەکدا دەتوانرێت دوو بۆ سێ جار ئەم چارەسەرییە بۆ چارەخوازەکە، ئەنجامبدرێت.
ئایا پێش ئەنجامدانی ئەم رێگە چارەسەرە، هەڵسەنگاندن بۆ باری تەندروستیی چارەخوازەکە دەکرێت؟
د. جەعفەر عومەر: بێگومان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکارییەوە، بەگشتی هەڵسەنگاندن بۆ باری تەندروستیی چارەخوازەکە دەکرێت، ئەو پشکنینانەشی پێویستن پێش وەرگرتنی بەنج بۆ چارەخوازەکە، دەکرێت.
زیانەکانی ئەم رێگە چارەسەرییە بۆ چارەخواز چین؟
د.جەعفەر عومەر: بەدڵنیایەوە هەموو چارەسەرێک زیانێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئێستا بەهۆی سڕکردنی گشتییەوە هەندێک لە زیانە لاوەکییەکانی ئەم چارەسەرە کە لە رابردوودا هەبووە کەمبووەتەوە، زیانە لاوەکییەکانیش وەکو شکانی بەشێک لە جەستەی چارەخوازەکە بەهۆی گەشکەوە یان کەوتنە خوارەوە لەسەر جێگەی چارەسەرەکەی، خۆشبەختانە ئەمانە ئێستا روونادەن. دەکرێت بڵێین زۆربەی ئەو زیانانەی کە بۆ چارەخوازەکە دروستدەبێت بەهۆی کاریگەری دەرمانی سڕکردنەکەوەیە.
هەندێک لە زیانەکانی تر کە بەهۆی تەزووی کارەباکەوە روودەدەن وەکو رشانەوە، وڕبوون و گێژبوون دوای هەستانەوە، یان سەرئێشە و تەشەنوجات بەتایبەت لەسەرەتای بەکارهێنانی ئەم رێگە چارەسەرە.
ئەو زیانە لاوەکییەی بەلای چارەخوازەوە ناخۆشە لەبیرچوونەوەیە، لەبیرچوونەوەی رووداوەکانی رابردوو و ئەوانەی لە داهاتوودا روودەدەن، بەڵام خۆشبەختانە ئەم لەبیرچوونەوەیە بۆ ماوەیەکی کاتییە. دواتر بەگوێرەی ژمارەی ئەو جەلسانەی بۆی کراوە بەگشتی لەماوەی هەفتەیەک بۆ مانگێک تەواوی یادەوەرییەکانی بۆدەگەڕێتەوە.
هەندێک بۆچوونی هەڵە لەبارەی ئەم چارەسەرە لەناو کۆمەڵگەدا هەن، لەبارەی ئەوەی چارەخوازەکە خوو بەم چارەسەرەوە دەگرێت، یان مێشکی تێکدەدات، هەموو ئەمانە بۆچوونی هەڵەن و هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە.
کێن ئەو کەسانەی کە ناتوانن ئەم چارەسەرە وەربگرن؟
د. جەعفەر عومەر: ئەم چارەسەرە بۆ چەند گروپێکی چارەخواز نابێت، وەکو:
• ئەو کەسانەی تازە دووچاری جەڵتەی مێشک بوون
• ئەو کەسانەی تازە دووچاری جەڵتەی دڵ بوون
• ئەو کەسانەی کە جۆرێک گرێ و گرفت لە مێشکیاندا هەیە
- هەر هۆکارێک رێگربێت لە وەرگرتنی سڕکردن، دەبێتە رێگر بۆ وەرگرتنی ئەم چارەسەرە، چونکە وەکو ئاماژەمان پێدا بۆ وەرگرتنی تەزووی کارەبا، چارەخواز بەنج وەردەگرێت.
کێن ئەو کەسانەی پێویستە ئەم چارەسەرە وەربگرن؟
د. جەعفەر عومەر: ئەم چارەسەرە بۆ چەند نەخۆشییەکی دیاریکراو دەکرێت وەکو:
1. چارەسەرکردنی هەندێک جۆری خەمۆکی
• بۆ ئەو کەسانەی کە وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەرە جیاوازەکان بەدەرمان نییە، دوای هەوڵدان لەبەکارهێنانیان بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ
• ئەو خەمۆکییەی کە مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکات، وەک هەوڵی خۆکوژی و نان نەخواردن
• بۆ کەسێک کە خواستی ئەوەی هەبێت بە خێرایی چاکببێتەوە
• بۆ ئەو ژنانەی دووگیانن، لەکاتی دووگیانییەکەدا ناتوانین هەندێک جۆری دەرمانیان بۆ بەکاربهێنین
2. بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی دوو جەمسەری
• بۆ ئەو کەسانەی کە وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەرە جیاوازەکان بەدەرمان نییە
• بۆ کەسێک کە خواستی ئەوەی هەبێت بە خێرایی چاکببێتەوە
• لە ئەو ژنانەی دووگیانن، لەماوەی دووگیانییەکەدا ناتوانین هەندێک جۆری دەرمانیان بۆ بەکاربهێنین
3. بۆ چارەسەری حاڵەتی بەتەختەبوون ( کەتاتۆنیا )
4. لەهەندێک حاڵەتی دەگمەندا بۆ چارەسەری سکیزۆفرینیا بەکاردێت وەکو:
• کاتێک چارەخوازەکە وەڵامدانەوەی بۆ دەرمان نییە
• کاتێک چارەخوازەکە مەترسی بۆ چواردەوری دروستدەکات
بەبۆچوونی بەڕێزتان دەکرێت لەبەر ستیگما (لەکە)ی کۆمەڵایەتی، چارەخواز ئەم رێگە چارەسەرییە رەتبکاتەوە؟
د. جەعفەر عومەر: بێگومان ئەمە یەکێکە لە گرفتە گەورەکان کە لە کۆمەڵگەدا هەیە، باشترە چارەخواز و خێزانەکان خۆیان لەم بۆچوونە هەڵەیە بەدووربگرن، وەکو ئێمە تێبینیمان کردووە لە کوردستاندا بەگشتی زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم چارەسەرە رەتدەکەنەوە بەهۆی بەهەڵە تێگەشتن لەم بابەتەیە، لای زۆرێک ئەو بۆچوونە هەڵە بڵاوبووەتەوە کە ئەم چارەسەرە مەترسی هەیە بۆ چارەخوازەکە، بۆ نموونە بۆچوونیان وایە مێشکی کەسەکە تێکدەدات، تووشی خەڵەفان و خوو پێوەگرتنی دەکات، واتە ئەم بەهەڵە تێگەیشتنانە وایکردووە کەسەکە تەزووی کارەبا بەکارنەهێنێت لەکاتێکدا پێویستی پێیەتی، دەرئەنجام رەتکردنەوەی ئەم رێگە چارەسەرییە لەکاتێکدا کە چارەخواز پێوسیتی پێیەتی، چارەخوازەکە تووشی گرفتی گەورە دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیارکردنەوەی چارەخواز و کەسەکانی بەشێکی پەیوەندی بە ئێمەی پزیشکانەوە هەیە، کەپێویستە بە وردی هەموو زانیارییەکان لەبارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەم چارەسەرکردنە و سوود و پێویستییەکەی بۆ چارەخواز روون بکەینەوە، هەروەها هەموو ئەو بۆچوون و بەهەڵە تێگەشتنانەی کە هەیە بۆیان راست بکەینەوە.
لە روانگەی ئەزموونی بەڕێزتانەوە کەس هەبووە کە پێویستی بەم چارەسەرە هەبووبێت لەبەر شەرم یان تێڕوانینی کۆمەڵگە ئەم چارەسەرەی رەتکردبێتەوە؟
د. جەعفەر عومەر: بەڕاستی زۆرێک لە خەڵکی کە باس لە چارەسەر بە تەزووی کارەبا دەکەیت راستەوخۆ پاشەکشێیەک دەکەن لەوەی ئەم چارەسەرە وەربگرن، لێرەدا شێوازی چۆنییەتی ئاراستەکردنی ئەوەی وەرگرتنی ئەم چارەسەرە کە بۆ چارەخوازەکە پێوستە بکرێت گرنگە، پێویستە پزیشکەکە بزانێت بە چ شێوازێک پێیان دەڵێت و تێیان دەگەیەنێت، چونکە هەندێک لە خەڵکی واتێگەیشتوون کە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا تەنها بۆ نەخۆشییە توند و مەترسیدارەکانە، لەکاتێکدا وانییە.
ئێستا بەهۆی ئەم دیدارو بەرنامەو چاوپێکەوتنانەی میدیاکانەوە دیاردەیەک پەیدابووە، کە بەشێک لە خەڵکی هۆشیاری و زانیاری پێویستیان لەبارەی چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا دەستکەوتووە، زۆرجار چارەخوازان پێمان دەڵێن دکتۆر دەرمانەکانمان بەکارهێناوە سوودی ئەوتۆمان لێوەرنەگرتووە، ئەم رێگە چارەسەرەش هەیە دەتوانیت بۆمان ئەنجام بدەیت، ئێمەش ئەگەر پێویستیی بەکارهێنانی هەبێت بۆی دەکەین، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر پێویستی بەم چارەسەرە نەبێت بۆی رووندەکەینەوە پێویست بە ئەنجامدانی ناکات، ئەم هۆشیاربوونەوەش جێگەی دڵخۆشییە.
ئامۆژگاری بەڕێزتان بۆ خێزان و کۆمەڵگە، پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێک بکەن کە پێویستی بەم چارەسەرە هەیە؟
د. جەعفەر عومەر: لە راستیدا سەرەتا گرنگە هەموو کەسێک بزانێت کە پێویستە زانیاری لەبارەی چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا لە پزیشکی پسپۆڕی دەروونییەوە وەربگرێت، کاتێک کەسێک بڕیاری ئەم چارەسەرەی بۆدرا، پێویستە لەلایەن خودی کەسەکە و چارەخوازەکەوە یەکسەر رەتنەکرێتەوە، لەبری ئەوە هەوڵبدەن گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکە بکەن سەبارەت بەم رێگە چارەسەرە.
کاتێک کەسێک بڕیاری بەکارهێنانی ئەم چارەسەرەی بۆدرا، لەسەر خێزانەکەی پێویستە لەبری ئەوەی گاڵتە بە نەخۆشەکە بکەن و کۆمەڵێک وشەی نەشیاوی لەگەڵ بەکاربهێنن، باشترە پاڵپشتیبن و باش ئامادەی بکەن بۆ ئەم چارەسەرە و لەگەڵیبن لەکاتی وەرگرتنی چارەسەرەکەدا، پشتیوان و رێنمایکاریبن لەنێوان جەلسەکاندا تاوەکو چارەخوازەکە چاک دەبێتەوە.
دوا وتەی بەڕێزت بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بەم چارەسەرەیە، چییە؟
د. جەعفەر عومەر: لەکۆتایدا پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەو کەسانەی پێویستیان بە بەکارهێنانی چارەسەرەی تەزووی کارەبایە و بەکاریانهێناوە، سوودی زۆریان لێبینیوە و زۆر جار بەتەواوی چاکدەبنەوە و رزگاریان دەبێت لەو گرفت و نارەحەتییانەی کەهەیانبووە، زۆر جار چارەخوازەکە وتوویەتی خۆزگە زووتر بەم چارەسەرەم بزانیایە بۆ ئەوەی زووتر لەو هەموو گرفت و نارەحەتییە رزگارم ببوایە، بۆیە گرنگە هەموو کەسێک بزانێت زۆربەی ئەوانەی پێویستیان بەم چارەسەرە هەیە، سوودی لێدەبینن و رێژەیەکی زۆریان بەتەواوی چاک دەبنەوە.
30/09/2023