گەشتی ئاسمانی هاوبەشی نێوان ژاپۆن وهیندستان لە ساڵی 2025 ئەنجامدەدرێت

دوای گەشتەکەی ئەپۆلۆ 11 و یەکەم هەنگاوی مرۆڤ لەسەر مانگ، خەونی درووستکردنی بنکەیەک بۆ ژیان و وێستگەیەک بۆ گەیشتن بە هەسارەکانی دیکە درووست بوو.

تاوەکو ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، روسیا، چین و بەمدواییانەش هیندستان توانیوویانە بە سەرکەوتوویی بچنە سەر رووی مانگ، هەوڵەکانیان بۆ پشکنین و وەرگرتنی نموونەی خاکی سەر مانگ بووە.

لە نوێترین هەوڵیشدا، دەزگای بۆشایی ئاسمانی ژاپۆن، JAXA، لەگەڵ رێکخراوی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی هیندستان ISRO بە هەماهەنگی کار لەسەر ئەرکێکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕ و کوالیتی ئاو لە جەمسەرەکانی مانگ و بە تایبەتیش جەمسەری باشوور دەکەن.

لوپێکس LUPEX، ناوی پڕۆژەکەیە، بڕیارە لە ساڵی 2025 کەشتی نوێی چاندریان چوار Chandrayaan-4 بە هەماهەنگی ئەو دوو وڵاتە بنێردرێتە سەر مانگ، رێکخراوی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی هیندستان، فڕۆکەی نیشتنەوەی ئەرکەکە دروستدەکات، هاوکات JAXA هەڵدانی کەشتییەکە بۆ بۆشایی ئاسمان و دروستکردنی ئۆتۆمبێلێکی سەر مانگ کە بە (رۆڤەر) ناسراوە، دەگرێتە ئەستۆ، رۆڤەرەکە خۆکارانە دەبێت و ئامێرێک هەڵدەگرێت بۆ کونکردنی رووی مانگ، ئەرکی کۆکردنەوە و گەڕاندنەوەی نموونەکان دەبێت بۆ شیکاریکردن، ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپاش بەشداری لە ئەرکەکەدا دەکەن، ئامانجیان لێکۆڵینەوە دەبێت لە پەستانی هایدرۆجین و گازی سەر رووی مانگ.

رۆژی 14ی تەمووزی 2023، هیندستان کەشتی ئاسمانی چاندریان سێی Chandrayaan-3، بەسەرکەوتوویی گەیاندە جەمسەری باشووری مانگ، بەڵام تاوەکو ئێستا کەشتییەکە دەستی نەکردووەتەوە بە کار و لە باری ناچالاکیدایە.