کەشتییەكی هیندستان لە زەوی دوورکەوتوەتەوە و بەرەو خۆر دەڕوات

aditya-L1
کەشتیی ئاسمانیی هندی ئەدیتیا ئێڵ-وەن

دەزگای توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانیی هیندی (Isro) رایگەیاند، کەشتییە ئاسمانییەکەیان کاریگەری هێزی کێشکردنی زەوی لەسەر نەماوە و بەرەو خاڵی لاگرانج نزیک لە خۆر بەڕێدەکەوێت.

کەشتیی ئەدیتیا ئێل-وەن (Aditya L-1)، لە دووی مانگی ئەیلوولی 2023، نێردرایە بۆشایی ئاسمان، بە ئەو ئامانجەی هیندستان بتوانێت توێژینەوە لەبارەی خۆرەوە ئەنجامبدات.

یەکشەممە، یەکی تشرینی یەکەمی 2023، دەزگاکە رایگەیاند :"ئەمە دووەم جارە Isro بتوانێت کەشتییەکی ئاسمانی بنێرێتە دەرەوەی خولگەی زەوی و یەکەم جار بۆ خولگەی هەسارەی مەریخ بووە".

کەشتیی ئەدیتیا ئێڵ-وەن، لە خولگەی هەیلۆدا دەمێنێتەوە، کە 1.5 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوور دەبێت، ئەمەش دەکاتە لەسەدا 1%ی دووری نێوان زەوی و خۆر.

کەشتییەکە ئامانجییەتی بگاتە خاڵی لاگرانج لە خولگەی هەیلۆدا، کە خاڵێکی تایبەتە لە بۆشایی ئاسماندا، هێزی کێشکردنی زەوی و خۆر، رێگا بە تەنێکی وەکو کەشتیی ئاسمانیی دەدات تێیدا بجوڵێت.

بە ئەم پێیە بێت، خاڵی لاگرانج، جێگەیەکی گونجاو دەبێت تاوەکو کەشتیی ئاسمانیی تێیدا بجوڵێت و بەکارهێنانی سووتەمەنیش لە کەمترین ئاستدا بمێنێتەوە.

هیندستان بە ئەم دواییانە هەوڵەکانی بۆ توێژینەوە لە بۆشایی ئاسمان چڕتر کردووەتەوە، لە 23ی ئابی ئەمساڵ، کەشتی ئاسمانی چەندرایانی سێی هیندستان، بە سەرکەوتوویی لەسەر مانگ نیشتەوە و هیندستان چووە لیستی ئەو وڵاتانەی توانیوویانە کەشتیی ئاسمانی بنێرنە سەر مانگ.