پرادا دیزاینی پۆشاکی کەشتیوانانی ناسا دەکات

پۆشاکی کەشتیوانی بۆشایی ئسمان
پۆشاکی کەشتیوانی بۆشایی ئسمان

کەشتیوانانی ناسا، بڕیارە بە پۆشاکێکی جیاوازەوە، لە دیزاینی براندی پۆشاکی بەناوبانگی پرادا، بەرەو سەر رووی مانگ گەشتبکەن.

پرادا، براندی ئیتاڵیی پۆشاک، لەگەڵ ئەکسیەم سپەیس، کە کۆمپانیایەکی ئەمریکیی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی گەشتی بۆشایی ئاسمانە، کار لەسەر پۆشاکی ئەو کەشتیوانانەی ناسا دەکەن، بڕیارە لە ساڵی 2025 بچنە سەر مانگ.

کەشتیوانەکان بۆچوونیان وایە پرادا دەتوانێت بە باشترین شێوە ئەم کارە ئەنجامبدات، پرۆفیسۆر جێفری هۆفمان، کە بەشداری پێنج ئەرکی ناسای کردووە دەڵێت :"پرادا ئەزموونێکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی قوماشدا، بۆیە دەتوانێت بەشداری لە دروستکردنی رووی دەرەوەی پۆشاکەکەدا بکات".

هەروەها کەشتیوانەکە باسی لە ئەوە کرد، خەڵک نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەن، کەشتیوانەکان بە پۆشاکێکی گرانبەهاوە ببینن، بەڵکو ئەوەی گرنگە پاراستنی کەشتیوانەکانە.

هەر لە ئەمساڵدا کۆمپانیای ئەکسیەم، پۆشاکێکی پیشاندا کە بۆ گەشتی ئارتمسی سێیەمی ناسا لەبەردەکرێت، کێشەکەی 55 کیلۆگرام دەبێت و بۆ ژنە کەشتیوانەکان گونجاوترە، پۆشاکەکە لە ساڵی داهاتوو، لەلایەن ناساوە تاقیدەکرێتەوە.

پۆشاکی کەشتیوانی بۆشایی ئاسمان، لەلایەن کۆمپانیای ئەکسیەم سپەیس دروستکراوە

لە ساڵی 2025، گەشتی سێیەمی ئارتمس، یەکەم گەشتی ئاسمانیی دەبێت لە دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ، کەشتیوانان بباتە سەر مانگ، هەروەها یەکەم ژنیش لە گەشتەکە بەشدار دەبێت.