/

ئەمازۆن یەکەم مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات

ئەمازۆن Amazon، بە هەڵدانی یەکەم مانگی دەستکردی خۆی بۆ خولگەی زەوی، دەیەوێت پرۆژەی کویپەر Kuiper بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی جیهانی رابگەیەنێت.

کۆمپانیای ئەمازۆن، یەکەم مانگی دەستکردی تاقیکاری خۆی بۆ تۆڕی ئینتەرنێتی کویپەر، بە سەرکەوتوویی لە فلۆریداوە هەڵدایە بۆشایی ئاسمان. ئەمەش هەنگاوی سەرەتایی ئەمازۆنە بۆ جێگیرکردنی هەزاران مانگی دەستکرد لە خولگەی زەویدا. ئامانجی پرۆژەکە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی جیهانییە.

ئەمازۆن، لە هەڵدانی موشەکەکەدا کەڵکی لە موشەکی یونایتد لاونچ ئەلیانس ئەتڵەس پێنج  "ULA" وەرگرتووە، کە لۆگۆی ئەمازۆنی لەسەربوو. ئەم مانگە دەستکردە دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ کۆمپانیای ئەمازۆن، کە بتوانێت لەرێگەیەوە هەڵسەنگاندن بۆ تەکنەلۆجیای خۆی لە بۆشایی ئاسماندا بکات، پێش ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا، سێ هەزار و 236، مانگی دەستکردی دیکە هەڵبداتە بۆشایی ئاسمانەوە.

پڕۆژەی کویپەری کۆمپانیای ئەمازۆن، وەبەرهێنانێکی بەرچاوی بە بڕی 10 ملیار دۆلار لەخۆگرتووە، پلانەکانی لە ساڵی 2019دا بۆ یەکەمجار راگەیەند، ئەمەش دوای پڕۆژەی ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بوو.

ئەمازۆن، بۆ بڵاوکردنەوەی بەشەکانی دیکەی تۆڕی کویپەر، گرێبەستی بۆ هەڵدانی 83 موشەکی دیکە، لە کۆمپانیا جیاوازەکانی موشەکەوە مسۆگەر کردووە، لەوانە کۆمپانیای بلو ئۆریجینیBlue Origin  جێف بیزۆس، یونایتد لاونچ ئەلیانس (ULA) و ئاریانسپەیسی Arianespace ئەوروپا.

هەرچەندە ئەم گرێبەستانە رووبەڕووی لێکۆڵینەوە و داوای یاسایی بووەتەوە لەلایەن خاوەن پشکەکانەوە، کە دەگوترێت وردبینییەکی پێویستی بۆ نەکراوە، هەروەها کۆمپانیاکە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، رەچاوی بەکارهێنانی موشەکی هەرزانتری نەکردووە، وەک کۆمپانیای سپەیس ئێکس، لەکاتێکدا سەرکەوتووبووە لە بڵاوکردنەوەی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک، بە بەکارهێنانی موشەکی دووبارە بەکارهاتووی فالکۆن نۆ Falcon9.