ئاستی لیۆنێل مێسی چۆن دەبوو لە پریمەرلیگ؟

لیۆنێل مێسی، کاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی AP فۆتۆ

جۆناسان ویلسۆن

وەرگێڕانی: مەبەست عەدنان

ئەگەر لیۆنێل مێسی، لەم هاوینەدا لەبری خولی ئەمریکی پەیوەندی بە خولی نایابی ئینگلتەراوە بکردایە، بارودۆخی چۆن دەبوو؟ بۆ نمونە، با وایدابنێین پەیوەندی بە نیوکاسڵ یونایتدەوە کردووە.

وەک ئەوەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا بینیمان، لیۆنێل مێسی بەشێوەیەکی نامۆ وەک یاریزانێکی ئاست بەرز  دەرکەوت. دڵنیام لەوەی تەنانەت ئەگەر لە پریمەرلیگیش یاریی بکردایە، ژمارەیەکی زۆر گۆڵ و ئەسیستی تۆماردەکرد.

لەگەڵ ئەوەش، سەرم سوڕما بەئاسانی ڕاهاتنی کە لە جامی ڕابیتەدا پێوەی دەرکەوت و بەو مەودایەی پێیدەدرا، کاریگەری لە سێ یارییەکەی خولی تۆپی پێی ئەمریکا کەمتر جێگەی سەرنج بوو، لەبەرئەوە ڕەنگە لە پاڵەوانیەتیەکانی تر شێوازی بەرگرییەکان خۆڕاگرتر بن، ئەوەی جێگەی دڵنیاییە ئەگەر ئەو یاریزانە 36 ساڵ بتوانێت کۆنتڕۆڵی خولی ئەمریکا بکات وەک ئەوەی کۆنتڕۆڵی جامی خولەکانی کرد، ئەوا دڵنیانیم نیشانەیەکی باش بێت لەسەر ئاستی کێبڕکێیەکە، ڕاستە هەمان ئاستی لە جامی جیهانی پێشکەشکرد، بەڵام یارییە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی بوونی کاتێکی کەم لەبەردەست ڕاهێنەرەکان، کەمتر کار لەسەر سیستەمەکان دەکرێت، لەچاو یانە نایابەکان لەبەرئەوە تایبەتمەندی زیاتر بە تاکە کەسی یاریزانەکان دەبەخشێت.

بەڵام کێشەی ڕاستەقینە کە لیۆنێل مێسی لە وەرزی 2016-2017 تاوەکو ئێستا رووبەروی بووەتەوە، ئەوەیە کە چیتر بەرگری ناکات و کاتێک یانەکەی کۆنتڕۆڵی یاری دەکات گرنگی بەو بابەتە نادرێت، بەڵام کاتێک تۆپ لەدەست دەدەن تیپەکە بە یاریزانێکی کەمترەوە بەرگری دەکەن، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی بەرشەلۆنە بەئەنجامێکی گەورەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکرد، هەروەها هۆکارێکیش بوو بۆ ئەوەی پاریس سانجێرمان بەزوویی لە چامپیۆنزلیگ بکرێتە دەرەوە لەو دوو وەرزەی لەگەڵ یانەکە بەسەریبرد، نازانم ئەگەر هیچ یانەیەکی خولی ئەمریکی ئەوەندە باش بێت سوود لەلاوازی ئاستی بەرگریکردنی مێسی وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ئەستێرەکەی تانگۆ پەیوەندی بە نیوکاسڵەوە بکردایە، ئەوە دەبووە هۆی سەرهەڵدانی کێشەکان کاتێک بەرامبەر یانەکانی، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوڵ و مانچێستەر یونایتد یارییان بکردایە.

وەک هاندەرێکی لیستەرسیتی، هەمیشە دەمپرسی کە لەبەرچی جاک گریلیچ لە جەیمس مادیسۆن بەباشتر دادەنرێت؟ مادیسۆن، بەنزیکەیی خاوەنی ژمارەیەکی زیاتر لەگۆڵ و ئەسیستە، هەردوو یاریزانەکە ئاستیان بەرزە و سەرئێشە بۆ تیپی بەرامبەر و هاندەران دروست دەکەن کەواتە چیم لەبیرکردوە؟ - هارۆڵد

ئاشکرایە هەردووکیان یاریزانی بەهرەمەندن و پێموایە تاڕادەیەک بەراوردکردنی ڕاستەوخۆییان کە کێ باشترینە؟ سوودی نیە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بەچەند لایەنێکی زۆرەوە هەیە، ئەگەر بیرکردنەوەیەک هەبێت کە گریلیچ باشتربێت لە مادیسۆن( کە دڵنیانیم لەوە)، هۆکارەکەی ئەوەیە کە دوو ساڵ لەو گەورەترە و پێش دوو وەرز پەیوەندی بە یانەیەکی گەورەی خولەکەوە کردوە و ئاشکرایە کە گریلیچ لەگەڵ مانچێستەرسیتی، ئاستێکی باش پێشکەش دەکات و زیاتر سەرنجەکان بەلای خۆیدا رادەکێشێت، بەراورد بە یاریکردنی مادیسۆن لەگەڵ لیستەر کە پێموایە گاریس ساوسگەیت، راهێنەری ئینگلتەرا گومانی لەتوانای بەرگرییکردنی هەردووکیان هەبوو، بەڵام پەنایبردە بەر گریلیچ، دوای ئەوەی ماوەیەک لەژێر سەرپەرشتی پیپ گواردیۆلا یارییکرد، لەگەڵ ئەوەش وادیارە کە گریلیچ، یاریزانێکی باڵی هێرشبەریی سروشتییترە و بەئاسانی دەتوانێت ئەو جۆرە بیرۆکانە جێبەجێ بکات کە لە مەودا فراوانەکاندا ئەنجام دەدرێت، بەڵام مادیسۆن، سەرەڕای ئەوەی شەممەی ڕابردوو بەرامبەر ئۆکرانیا ئاستێکی خراپی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێشکەش کرد، ئەم وەرزەی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەستپێکرد لەگەڵ تۆتنهام و ئەو شێوە یارییکردنەی بەرامبەر بۆرنمۆس پێشکەشی کرد ئاماژە بوو بۆ بەهرە تەکتیکییەکانی.

یەکێتی تۆپی پێ( سۆکەر)ی ئەمریکا، ساڵان چەند یارییەک لە ئینگلتەرا ، ئەڵمانیا و مەکسیک ئەنجام دەدات، خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکا ژمارەیەک یاری کەمتر ئەنجام دەدەن لە کاتی ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ، لەگەڵ یارییە ئاساییەکانی وەرزەکە لە ئەبوزەبی ، پاریس و لەندەن، یانەکانی یاری هۆکی سەر سەهۆڵ، ساڵانە هەندێک یاری لە فینلەندا و سوید ئەنجام دەدەن، یانەکانی بەیس بۆڵ زنجیرەیەک یاری لە مەکسیک، ئینگلتەرا و ئوسترالیا ئەنجام دەدەن، کەواتە تۆپی پێ وەک گەورەترین وەرزشی جیهان و خاوەنی پێنج خولە گەورەکە، بۆچی ناتوانن لە دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان یاری بکەن؟ - کۆرت.

پێموایە هەلێکی باشیان لەبەردەستە تاوەکو بەمزوانە ئەو کارە بکەن، بەڵام بۆچی پێویستە بەشەکەی تری جیهان، هەمان ئەو کارە ئەنجام بدەنەوە کە ئەمریکییەکان دەیکەن؟ هێشتا بیروڕایەک هەیە، کە یانە ئەوروپییەکان نوێنەرایەتی کۆمەڵگاکانییان دەکەن، کە ئەو بیرکردنەوەیە، رۆڵێکی کۆمەڵایەتی بەتۆپی پێ دەبەخشێت، تاوەکو تەنیا پەیوەست نەبێت بە پەیداکردنی داهات بۆ خاوەنەکانی و دژایەتییەکی زۆر گەورە دەبێت تاوەکو یانەکە لەو کۆمەڵگەیە دووربخرێتەوە، تەنانەت لەوەش دڵنیانیم کە هۆکاری خواستی وڵاتەکانی تر چیە لە میواندارییکردنی سێرکە گەڕۆکەکاندا، ئەوەی جێگەی دڵنیاییە لە وەرزشێکی جیهانی وەک تۆپی پێ، ئامانجی سەرەکییان پێشخستنی خولەکانی تایبەت بە خۆیانە لەگەڵ ئەو یانانەی نوێنەرایەتی کۆمەڵگاکانیان دەکەن.

ووتەیەکی دێرین هەیە لە تۆپی پێدا، لە جۆری ئەمریکی، کە دەدرێتە پاڵ بیر براینتی ڕاهێنەر کە دەڵێت: هێرشبردن بلیتەکان دەفرۆشێت، بەڵام بەرگریکردن پاڵەوانیەتییەکانت بۆ دەباتەوە، لە تۆپی پێ چی شتێک گرنگترینە بۆ ئەوانەی نازناوەکان بەدەست دەهێنن، ئایا تۆڕی گۆڵەکەیان ژمارەیەکی کەم گۆڵی لێتۆماربکرێت یاخود ژمارەیەکی زۆر گۆڵ تۆماربکەن؟ - کاری.

جوانی تۆپی پێ، ئەوەیە کە ژمارەیەک ڕێگەی زۆر هەیە بۆ یارییکردن و وەڵامە بێزارکەرەکە ئەوەیە هاوسەنگی کردن لەنێوان ئەو دووانەدا گرنگە، ڕەنگە بابەتەکە پشت بەوە ببەستێت ئاخۆ باس لە خولەکان دەکەیت یان یارییەکانی قۆناغە یەکلاکەرەوەکان.

لەبیرمە ساڵی 2000، دوای شکستەکەی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید 3-2، لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ – ئەو یاریە کە نامەوێت بیرم بکەوێتەوە، کاتێک مان یونایتد شکستیهێنا، کە لەڕاستیدا زۆربەی یارییەکەییان کۆنتڕۆڵ کردبوو و بەهەڵە گۆڵێکیان لەخۆیان تۆمارکرد و چەندین گۆڵیان لەدەستدا، پێویست بوو لە تایمی یەکەم لێدانێکی سزایان بۆ هەژمار بکرێت، بەهۆی ئەوەی تۆپەکە بەردەستی ئیتۆر کارانکا کەوت لەناو هێڵی سزا ، ئەگەر بێت و 20 لێدانت بۆ ناو گۆڵ هەبێت و ڕکابەرەکەت پێنج لێدانی هەبێت، ئەوا بەئەگەرێکی زۆرەوە بردنەوە بەدەست دەهێنیت، بەڵام ئەگەر پێنج هەلت هەبێت و کۆنتڕۆڵی یارییەکەت لەدەست نەبێت ناتوانیت شکست بهێنیت، پێموایە ئەو بابەتە بیرکردنەوەی سێر ئەلێکس فێرگسۆنی داگیرکرد دوای ئەوەی لە دەیەکانی ڕابردوو لەو بیکردنەوەیە دوورکەوتەوە، وەک ئەوەی لەهەموو گەڕانەوە بەهێزەکانی یارییەکانی قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ دەمانبینی، کە لەوانەیە دوبارە بوبێتە هۆکار تا بگەڕێتەوە بۆسەر ئەو بیکردنەوەیە.

خاوەندارێتی ژمارەیەک یانە لەهەمان کات بەکوێ دەگات؟ پێموایە کە ئەو پێکهاتەیە دەکرێت گۆڕانکارییەکی قوڵ لە بازاڕی ئازاددا بکات، کە  تۆپی پێ لەگواستنەوەی یاریزاناندا بەکاری دەهێنێت، بۆ نمونە دەکرێت یانەیەکی بۆندسلیگا گرێبەستێک لە یانەی ئار بی براگانتینۆی بەرازیلیەوە ڕەتبکاتەوە بەهۆی کاریگەری لەسەر یانەی لایپزیگ لە ئەڵمانیا، چونکە یانەکە کار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ناکات، بەڵکو خزمەتی یانەیەکی گەورەتر دەکات لە پێکهاتەکەدا، بەپێچەوانەوە ئەو یانەیەی کە دوور دەبێت لە پێکهاتەی ژمارەیەک یانە لەهەمان کاتدا، ڕەنگە ئاسانتر دەستی بگاتە ئەو یاریزانانەی کە لە بارودۆخە ئاساییەکاندا بەردەست نابن – لیۆناردۆ.

پێموایە کە ڕەنگە زیانێکی زۆری هەبێت و وادیارە کە بەرپرسانی تۆپی پێ گرنگی بەو بابەتە نادەن، وەک سەرەتایەک نازانم چۆن یانە بچووکەکانی ناو پەیوەندیەکە دڵخۆش دەبن: بۆچی یانەی ستراسبۆرگ، کە شانازی بە نەریتەکانییەوە دەکات دەبێت سوود بە چێڵسی بگەیەنێت؟

بابەتی دەستپاکی وەرزشیش هەیە، سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە خاوەندرێتی یانەی نیوکاسڵ دەکات، بەڵام لەهەمان کات خاوەنی چوار یانەی تری خولی سعودییە، ئەوە لەسەروو توانای بیرکردنەوەوەیە، من پێشنیاری ڕوودانی هیچ شتێکی نەخوازراو ناکەم، بەڵام ئەگەری یاریکردن بەئەنجامی یارییەکان کراوەیە، ئایا نیوکاسڵ پێویستی بە پاڵپشتی داراییە؟، چی دەتوانێت ڕێگری  لەگرێبەستی یەکێک لە یانەکانی خولی سعودی بکات بۆ کڕینی یەکێک لە یاریزانەکانی؟، یاریزانە لاوەکان لەیەکێک لە چوار یانە سعودییەکە پێشدەکەون، کەواتە بۆچی نیوکاسڵ لە بارودۆخێکی گونجاودا نییە تاوەکو گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام بدات؟ لەوانەیە ڕکابەرەکانی نیوکاسڵ لە پریمەرلیگ لاواز بکرێن، لەڕێگەی بەئامانج گرتنی باشترین بەهرەمەندەکان لەلایەن چوار یانەکەی سعودیەوە کە سەر بە سندوقی وەبەرهێنانی گشتی ئەو وڵاتەن، ڕەنگە پێچەوانەکەشی ڕووبدات:

با وایدابنێین کە نیوکاسڵ، دوو وەرزی خراپی تێپەڕکردووە و وردە وردە سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە ئارامییان بەرامبەر پڕۆژەکە نامێنێت، چی ڕێگری لە دابەشکردنی تیپی نیوکاسڵ دەکات بۆ چوار بەش لەنێوان چوار یانە سعودیەکەدا؟ وەک گوتم، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک بونی نیە لەبارەی ڕوودانی شتی نەخوازراوەوە، بەڵام پێشنیارکردنی دەستپاکی کارێکی گرنگە بۆ پاڵەوانییەتیەکان.