پلەیستەیشن رووبەرووی داوایەکی یاسایی 7.9 ملیار دۆلاری دەبێتەوە

وێنە: ئەی پی

دادگای تێهەڵچوونەوەی بەڕیتانیا بڕیاریدا، کۆمپانیای سۆنی خاوەن ئامێرەکانی پلەیستەیشن، رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، ئەمەش لەدوای داوایەکی یاسایی ئالێکس نیل، داکۆکیکاری مافی بەکارهێنەران کە ساڵی 2022 تۆماریکردووە.

بەهای داوا یاساییەکە بە نوێنەرایەتی نۆ ملیۆن کەس تۆمارکراوە و بەهاکەی دەگاتە 7.9 ملیار دۆلار، ئەمەش لەدوای ناڕەزایەتییەکانی بەکارهێنەرانی پلەیستەیشن دێت، کۆمپانیاکە بە قۆرخکردنی بازاڕ و گرانفرۆشی یارییەکان تۆمەتباردەکەن.

ئالێکس نیل دەڵێت، سۆنی داوای کردووە یارییە دیجیتاڵییەکان تەنها لە رێگای فرۆشگای ئۆنلاینی پلەیستەیشنەوە بکڕدرێن و بفرۆشرێن، کە بڕی 30% پارەکە لە گەشەپێدەران و بڵاوکەرەوەکان بۆ خۆی وەردەگرێت، ئەمەش وایکردووە کڕیاران نرخێکی زیاتر بدەن بە یارییەکان وەک لە نرخی راستەقینە.