/

لەدوای 30 ساڵ، بەڕێوبەری پلەیستەیشن واز لەکارەکەی دەهێنێت

لەدوای بەڕێوبردنی بۆ ماوەی 30 ساڵ، جیم رایان بەڕێوبەری پلەی ستەیشن (Play Station)، بڕیارە لە ئازاری ساڵی 2024 واز لە کارەکەی بهێنێت.

جیم رایان لە شوباتی 2019 وەک بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سۆنی دەستیبەکارکردووە و لە ساڵی 1994 لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی پلەی ستەیشن Play Station چووەتە کۆمپانیاکە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری بی بی سی بەریتانی، بڕیاری وازهێنانی جیم لە کارەکەی بووەتە مایەی سەرسامی، بەتایبەت لەدوای ئەوەی سەرکەوتنەی لە بڵاوکردنەوەی پلەیستەیشن – 5 بەدەستی هێنا.

بەڵام رایان لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە هۆکاری وازهێنانەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی جێگەی شوێنی ژیانی کە ئەوروپایە، بەڵام ناچارە بچێتە ئەمریکای باکوور بۆ کارکردن.

جیم لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت: "بەو شەرەفەوە کارەکەم بەجێدەهێڵم کە کارم لە ئامێرێک کردووە بەملیۆنەها هاوڵاتی لە جیهان ئیشیان پێکردووە، پلەیستەیشن بۆ هەمیشە بەشێک دەبێت لە ژیانم و زۆرگەشبینم لەداهاتووی ئەم ئامێرە".

بەگوێرەی راگەیاندراوی کۆمپانیای سۆنی، هیرۆکی تۆتۆکی، بەڕێوبەری بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە وەک بەڕێوبەری جێبەجێکاری بە وەکالەت کارەکانی رایان دەکات.