لەسلێمانی نرخی بەنزین دادەبەزێت

ماوەیەكە حكومەتی عێراق ناردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ هەرێمی كوردستان راگرتووە. فۆتۆ: ماڵپەری حكومەتی هەرێم

گوتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی دابەزینی نرخی هەر سێ جۆرەكەی بەنزینی لەشاری سلێمانی، راگەیاند.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 24ی كانوونی یەكەمی 2023، بەهمەن قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە زوهرە عەلی، پەیامنێری كەناڵ8ی راگەیاند "‎ئەمڕۆ کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین 25 دینار دادەبەزێت".

گوتیشی : "هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین زۆری رێژەی سوتەمەنی و دابەزینی بەهای دۆلارە".

بەگوتەی بەهمەن قادر نرخی یەك لیتری هەر سێ جۆرەكەی بەنزین بەم جۆرەی لێ دێت "‎محەسەن لە هەزار و 150 دینارەوە دەبێت بە هەزار و 125 دینار، ‎نۆرماڵ لە 925 دینارەوە دەبێت بە 900 دینار، سوپەر لە هەزار و 300 دینارەوە دەبێت بە هەزار و 275 دینار".

گوتیشی "‎نەوتی سپیش لە 750 دینارەوە دەبێت بە 725 دینار".

دابەزینی نرخی سوتەمەنی لەسلێمانی لە کاتێکدایە ماوەی مانگێکە ناردنی بەنزینی 750 دیناری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگیراوە و ئەگەر دەستپێبکاتەوە نرخی بەنزینی بازرگانی، دادەبەزێت.

‎ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەیی و گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت "پێشبینی دەکەن سەرەتای ساڵی نوێ دەستپێبکاتەوە".