چیرۆک و نهێنییەکانی ژیانی جود بێلینگهام

جود بیلینگهامی ئینگلیزی. فۆتۆ : AP

جود ڤیکتۆر ویلیان بێلینگهام، لە 29ی مانگی حەوتی 2003 لە شارۆچکەی ستۆربریدجی ئینگلتەرا لەدایکبووە، دایکی ناوی دێنیس بێلینگهامە و باوکیشی مارک بێلینگهامە و پیشەی ئەفسەری پۆلیسە، جود کوڕە گەورەی خێزانەکەیەتی و برایەکی دیکە هەیە.

سەرەتای ژیانی بێلینگهام و گەورەبوونی:

یاریزانە ئینگلیزییەکە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی لە بەشی ناوەڕاستی ئینگلتەرا بەسەربردووە، جوبی بێلینگهامی برا بچووکی هەمیشە لەگەڵی بووە.

لەوکاتەدا، زۆرێک وەک کوڕێکی ژیر و تێگەیشتوو تەماشای جودیان دەکرد، چونکە منداڵێکی گوێڕایەڵ بوو و بەباشی دەیزانی ئامانجی چییە لە ژیاندا.

کاتێک منداڵ بوو، باوکی چیرۆکی ئەو کاتانەی بۆ دەگێڕایەوە، یاریزانێکی تۆپی پێ بووە و لەدەرەوەی خولە فەرمییەکان توانیویەتی زیاتر لە 700 گۆڵ تۆماربکات، بەهەمان شێوە چیرۆکی شکستهێنانی خۆی بۆ گێڕایەوە، کە سەرەڕای ئەوەی گۆڵکەرێکی باش بووە، بەڵام نەیتوانیوە لە خولە گەورەکان یاریبکات.

لەپێنا راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، جودی بچووک پەیمانیدا تەواوی ژیانی بۆ تۆپی پێ تەرخانبکات، ئەوەش بووە سەرەتای رۆژەکانی دروستبوونی ئەستێرەیەکی نوێی تۆپی پێ.

بارودۆخی خێزانەکەی بێلینگهام:

دەتوانین بڵێین، لەڕووی داراییەوە بێلینگهام سەر بەخێزانێکی مامناوەندە، باوکی جود کاری ئەفسەری پۆلیسە و دوو هێندەی کارمەندێکی ئاسایی حکومەت مووچە وەردەگرێت، لەلایەکی دیکەوە دایکی لەچینی کەسە ئاساییەکانی ئینگلتەرایە، لەوەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو یاریزانە ترسی هەژاری بەسەریدا زاڵ نەبووە و ژیانێکی ئاسایی هەبووە.

بنەچەی خێزانی جود بێلینگهام:

لەشوێنی لەدایکبوونییەوە، جود لە شوێنێکی خۆرئاوای ئینگلتەرا گەورە بووە، نزیک لەوڵاتی وێڵز، رەنگە تەنیا بەبینینی رەنگی پێستی ئەو خەیاڵەت بۆ دروستبێت، کە بنەچەی یاریزانەکە سنوورەکانی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپایە، راستییەکەی ئەوەی بنەچەی بێلینگهام ئینگلیزی و ئەفریقیە، کە لەلایەنە ئەفریقییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دایکی.

چیرۆکی یارییکردنی بێلینگهام لەسەرەتاکانی تەمەنی:

یارییکردنی تۆپی پێ لەلای جوود لەتەمەنی شەش ساڵییەوە دەستیپێکرد، لەوکاتەدا هاندەری یانەی بێرمینگهام سیتی بوو، کە بەهۆی لێکچوونی ناوەکەی لەگەڵ یانەکەدا سەرسامیان بوو، هیوایەکی زۆری هەبوو بتوانێت پەیوەندی بە ئەکادیمیای بێرمینگهامەوە بکات تاوەکو خەونی خێزانەکەی بەدیبهێنێت.

فێربوون و یارییکردن لە ئەکادیمیا:

لەتەمەنێکی کەمەوە، دایبابی جود سوور بوون لەسەر رۆشتنی کوڕەکەیان بۆ خوێندنگە، لەوکاتەدا لە خوێندنگەیەک دەیخوێند لەناوچەی ئیدگباستۆن، دواتر بەهۆی باوکیەوە چووە یانەی بێرمینگهام سیتی بۆ ئاستی خوار هەشت ساڵان.

سەرەتای یارییکردنی لە بێرمینگهام سیتی:

لەو یانەیەدا، جود بەهرەیەکی بێوێنەی تۆپی پێی نیشاندا و لەگەڵ بەرەوپێچوونە خێراکەیدا، هیچ سنوورێک نەبوو بۆ ئەو شتانەی دەیتوانی ئەنجامیان بدات.

بەوهۆیەوە توانی متمانەی راهێنەرەکەی بەدەستبهێنێت و بەشێوەیەکی خێرا ئاستە تەمەنیەکانی 18 و 23 ساڵی تێپەڕاند لەکاتێکدا لەتەمەنی 14 و 15 ساڵیدا بوو.

گەورەترین هەواڵی ژیانی لەتەمەنی 16 ساڵ و 38 رۆژیدا پێگەیشت، ئەو هەواڵەی هەنوو لاوێک خەونی پێوەدەبینێت کاتێک یەکەم گرێبەستی پیشەگەری لەگەڵ بێرمینگهام واژۆکرد.

ژیانی تایبەتی جود بێلینگهام، چیرۆکی رێگەی بەرەو بەناوبانگبوون:

دوای ئەوەی پێیەکانی خستە نێو قۆناغێکی نوێی ژیانییەوە، یاریزانە لاوەکە دەستیکرد بە شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان، سەرەتا، جود بووە لاوترین گۆڵکەر لەمێژووی بێرمینگهام کاتێک تەمەنی تەنیا 16 ساڵ و 63 رۆژ بوو، بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە یانە گەورەکان دەستپێشخەریان کرد لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی بەتایبەتی مانچێستەریونایتد، بەڵام دوای راوێژێکی زۆر لەگەڵ خێزانەکەی بڕیاریاندا گرێبەستە رەتبکەنەوە.

جود بێلینگهام – چیرۆکی سەرکەوتن:

لەسەر رێچکەی هەندێک لە یاریزانە ئینگلیزییەکان، کە لەدەرەوەی ولاتەکەیان یارییان کردووە، جود ئەو پێشنیارانە وەردەگرت لەدەرەوەی ئینگلتەرا پێشکەشی دەکرا.

لەو کەین و بەینەدا، بێلینگهام گرێبەستێکی لەلایەن بۆروسیادۆرتمۆندی ئەڵمانیەوە پێگەیشت و بەرامبەر 25 ملیۆن پاوەند پەیوەندیکرد بەو یانەیەوە، بەوەش بووە گرانترین یاریزانی تەمەن 17 ساڵی مێژووی تۆپی پێ.

لەگەڵ دۆرتمۆند، جود بەردەوامبوو لە ئاستە بەرزەکەیی و بەتۆمارکردنی یەکەمین گۆڵی بۆ یانەکە بووە لاوترین گۆڵکەر، بەوەش لەپاڵ پێدری و گاڤی بووە دیارترین ئەستێرە لاوەکانی جیهان.

نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت ئەو یاریزانە ژمارەی پێوانەییەکەی فیل فۆدینی تێپەڕاند، وەک لاوترین یاریزانی ئینگلیزی بەسەرەکی بەشداری یارییەکی چامپیۆنزلیگ بکات.

دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەتەمەنێکی لاودا، گاریس ساوسگەیتی راهێنەری ئینگلتەر هیچ کاتێکی بەفیڕۆنەدا و راستەوخۆ بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی کرد.

ژمارەکەی لە یانەی بێرمینگهام بۆ هەمیشە هەڵگیراوه:

کاتێک بۆ یەکەمجار پەیوەندی بە بێرمینگهام سیتیەوە کرد، جود درێسی ژمارە 22ی وەرگرت و بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە یانەکە بڕیاریدا ئەو ژمارەیە وەک رێزلێنانێک بۆ جوود، بەهەمیشەیی لاببات و هیچ یاریزانێکی دیکە نەیپۆشێت.