/

لە ئەسیوبیا 400 هاوڵاتی بەهۆی برسێتییەوە گیانیانلەدەستدا

ئاوەرەکانی تیگرا لە چاوەروانی وەرگرتنی ژەمە خۆراکێک، فۆتۆ: AP

چاودێری نیشتمانیی وڵاتى ئەسیوپیا ڕایگەیاند، نزیکەی 400 کەس بەهۆی برسێتیەوە لە ناوچەکانی تیگرای و ئەمهارا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دانپێدانانێکی دەگمەنە لەسەر مردن بەهۆی برسێتیەوە لەلایەن دەزگایەکی  فەرمییەوە.

پێشتر چالاکوانانی ناوخۆیی باسیان لە مردنی برسێتی لە وڵاتەکە دەکرد، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئەسیوپیا پێداگری لەسەر رەتکردنەوەى هەموو ئەو هەواڵانە دەکرد.

چاودێرانی ئەسیوپیا  دەڵێن، وشکەساڵی و شەڕى ناوخۆ هۆکاریی سەرەکین بۆ قوڵبوونەوەى قەیرانەکان، جگە لەوانەش، بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوە ناحکومییەکان، ئەو هاوکارییانەی لەلایەن وڵاتانەوە دەنێردرێن، زۆر بەکەمی دەگەنە دەست خەڵکی کەمدەرامەت و برسی ، بەڵکو بەهۆی دزیی و گەندەڵییەوە زۆربەی هاوکارییەکان دیارنامێنن.

ئەمەلەکاتێکدایە کە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا یارمەتییە خۆراکییەکانیان بۆ ئەسیوپیا ڕاگرت، دوای ئەوەی پلانێکی "گەورە"یان بۆ دزینی یارمەتییە مرۆییەکان دۆزیەوە. خێرخوازانیش بەرپرسانی حکومەتی ئەسیوپیا و سوپای ئەسیوپیایان بە هۆکاری ئەو  کارەساتە زانیوە.

بە گوێرەى ئامارەمان، نزیکەی 20.1 ملیۆن کەس لە سەرانسەری ئەسیوپیا پێویستیان بە هاوکارى مرۆیی هەیە و تەنها لە ناوچەى تیگرا کە پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێدا دەژی، ناوەندی شەڕێکی ماڵوێرانکەری دوو ساڵەی ناوخۆ بوو کە سەدان هەزار کەسی تیایدا بوونە قوربانی. نەتەوە یەکگرتووەکان حکومەتی ئەسیوپیایان تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی "برسێتی وەک شێوازێکی شەڕ" بە سنووردارکردنی یارمەتییە خۆراکییەکان بۆ تیگرای لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، کە لە تشرینی دووەمی 2022 بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی کۆتایی هات.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، نائارامی بەردەوام بووە هۆی ئەوەی کە تەنها 49%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی تیگرای لە وەرزی سەرەکی چاندن داچێندرێن و بەرهەمی دانەوێڵە لەو ناوچانە تەنها 37%ی کۆی گشتی پێداویستیەکانی ناوخۆ دابین کرد و بڕی بەرهەمیش زۆر خراپبوو  بەهۆی وشکەساڵییەوە.