/

لە مەغریب وشکەساڵی هەرەشە لە کەرتی كشتوکاڵ دەکات

وشکبوونەوەی خاک لە مەغریب، فۆتۆ: AFP

 محمد سدیقی، وەزیری کشتوکاڵی مەغریب رایگەیاند، بۆ شەشەمین ساڵ لەسەریەک، کەم بارانیی و وشکەساڵی هەڕەشە لەکەرتی کشتوکاڵ دەکەن کە پایەیەکی گرنگی ئابووریی وڵاتەکەیە

نزار بەرەکە، وەزیری ئاودێری مەغریب دەڵێت، رێژەی دابارین بەشێوەیەکی گشتی لە سەدا 57 کەمی کردووە بەراورد بە ئاستی ئاسایی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە بە جۆرێک بە تێکڕایی 1.8 پلەی سیلیزی بەرزترە لە تێکڕای ساڵانی 1981 بۆ 2010.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی مەغریب، لە سەدا 88 ی کێڵگەکانی ناوچەی برشید کە رووبەرەکەی 155 هەزار هێکتارە پشت بە ئاویی باران دەبەستێت بۆ کشتوکاڵکردن بەتایبەتی دانەوێلەکان و لە ئێستادا رووبەڕوی گرفتێکی گەورەبووەتەوەو کاریگەری لەسەر کەرتی ئابوریی وڵاتەکەشدادەنێت.

هاوکات بەهۆی کەم پاشەکەوتکردنی ئاو لەمساڵدا کە بەنداوەکان تەنها لە سەدا 29 ئاوییان تێدایە کە ساڵی پار ئەمکاتە لەسەدا 32بووە، وەزارەتی کشتوکاڵ گۆڕانکاریی کرد لە رێنماییەکانی بەکارهێنانی ئاوی بەنداوەکان بۆ ئاودێری، رووبەری  ئەو زەوییانەی کە جوتیارەکان دەتوانن بە ئاوی پاشەکەوت کراوی بەنداوەکان ئاودێری بکەن لە 750 هەزار هێکتارەوە بۆ 400 هەزار ههێکتار کەم کردەوە.

حمید ناجم، جوتیار لە ناوچەی برشید، دەڵێت، کەمبارانی وشکەساڵیی ترسو دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی جوتیارەکانەوە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.