بەهۆی لافاوەوە لە عوممان سێ منداڵ گیانیانلەدەستدا

لافاو لە شانشینی عوممان، فۆتۆ: AFP

بارانێکی توندو بەخوڕ شانشینى عوممانى گرتەوەو لافاو هەستا، بەهۆیەوە سێ منداڵ گیانیانلەدەستدا.

ئاژانسى هەواڵى عوممان، ئاماژەى بەوەکردووە دوو منداڵیان بە خنکاویی لە وادی بەنی غافیر لە ویلایەتی روستەق لە پارێزگای باشووری ئەلباتینە لە باکووری وڵات دۆزرانەوە.

لە کاتێکدا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریی "بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای منداڵی سێیەمدا، پاشان لەلایەن هاوڵاتییانەوە  بەمردووی دۆزراوەتەوە،  لە هەواڵەکەدا تەمەنی منداڵەکان دیارینەکراوە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، بەهۆی لافاوەکەوە ژمارەیەک رێگای سەرەکی پارێزگاکان داخراون.  هاوکات تیمەکانی فریاگوزاریی داوا لە هاوڵاتییان دەکەن " خۆیان لە شوێنە نزمەکان بەدوور بگرن و لە ماوەی ئاگادارییدا نەچنە دەرەوە تاوەکو سەلامەتبن".

دەسەڵاتی کەشناسی عوممان پێشبینی دەکات، بارانبارین و هەورەبروسکە، بای بەهێز لەگەڵ گەردەلول تاوەکو سبەى بەردەوام بێت .

هاوکات لە وڵاتی  ئیمارات، بارانبارینی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە رێگاوبانە سەرەکییەکان داخران.

حکومەتی ئیمارات بڕیاریداوە تاوەکو کۆتایی شەپۆلەکە بە ئۆنلاین خوێندن و کارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی و قوتابخانە حکومییەکان و هەندێک لە کۆمپانیا تایبەتەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان بەڕێوەبچێت.