مان سیتی لە کەشێکی جیاوازدا رووبەرووی نیوکاسڵ دەبێتەوە

هاندەرانی مان سیتی لە نێو یاریگە، لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای یانەکە. فۆتۆ: AP

مانچێستەر سیتی پەڕاوی پرێمەرلیگ دادەخات و ئەمشەو لە کەشێکی جیاوازدا کێبڕکێی نیوکاسڵ دەکات لەسەر جامی "ئێف ئەی کەپ"، یاریزانانی گواردیۆلا دەیانەوێت لەم یارییەدا بەهەر نرخێک بێت سەرکەوتن بەدەستبهێنن و پارێزگاری لە سێ ناسناوەکەی وەرزی رابردوو بکەن، ئەوەش لە مێژووی یانەکەدا رووینەداوە.

سیتی 21 یارییە بەبێ دۆڕاندن بەرەوسەر هەنگاو دەنێت، ئەوەش متمانەیەکی زیاتری پێبەخشیون و نۆ یارییشە لە ئێف ئەی کەپ شکستیان نەهێناوە، بۆیە لەم جامەدا باڵادەستن و بۆ دوایینجار کە یانەیەک لە دەرەوەی پێنج گەورەکە لە "ئیف ئەی کەپ" بەسەریاندا سەرکەوتبێت، یانەی ویگانە و مێژووەکەی بۆ 2018 دەگەڕێتەوە.

رکابەرەکەشی کە نیوکاسڵە، بە 12 شکستەوە دەستیان لە پرێمەرلیگ شتووە و ئەم جامە وەک پەتی رزگاربوون دەبینن بۆ گەیشتن بە خولە ئەوروپییەکان، سێ یارییان لەدەرەوەی یاریگەی خۆیان بەسەرکەوتنەوە بڕیوە تاوەکو بە قۆناغی چارەکی کۆتایی گەیشتوون، بۆیە چاوەڕوانی یارییەکی قورس دەکرێت.

نیوکاسڵ بۆ دوایینجار کە بەم قۆناغە گەیشتووە لە وەرزی 2019-2020 بووە و لەسەر دەستی مانچێستەر سیتی کراوەتە دەرەوە، بەڵام ئەمجارە بارودۆخەکە جیاوازە و یانەکە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.

ماگپایس لە نۆ سەردانی رابردوویدا بۆ یاریگەی ئیتیحاد هەمیشە جەمسەری شکستخواردوو بووە، ئەگەر بەراوری ژمارەیی نێوان ئیدی هاو و گواردیۆلا بکەین، بێگومان بەدڵی یانەی قەڵا ڕەش و سپییەکە نییە، ئێدی هاو سەرجەم یارییەکانی بە گواردیۆلا دۆڕاندووە کە 15 یارییە، جگە لە دوو یاریی، کە لە یەکێکیاندا براوە و لە یەکێکی دیکەشیاندا یەکسانبووە.