گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر بەرهەمی گێلاس هەیە

دار گێلاسەکانی ژاپۆن فۆتۆ: AFP

دارە گێلاسەکانی ژاپۆن و ئەمریکا زووتر گوڵ دەکەن، ئەمەش لەبەرئەوەیە گۆڕانی کەشوهەوا گەرمای پێشوەختەی هێناوە و وادەی بەهاری لەجیهاندا گۆڕیوە.

دار گێلاسەکانی ژاپۆن بەناوبانگترینن لە جیهاندا، زۆرجار گەشتیاران هەوڵدەدەن کاتی سەردانەکانیان دابنێن بۆ بینینی گوڵی گێلاسەکان و ساڵانە لەم وەرزەدا ژاپۆن میوانداریی هەزاران گەشتیار دەکات.

دایسۆکی ساسانۆ، ئەفسەری بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کەشوهەوا لە دەزگای کەشناسی ژاپۆن دەڵێت، تێکڕای بەرواری دەستپێکردنی گوڵکردنیان لە ساڵی 1953ەوە 1.2 ڕۆژ لە هەر دەیەیەکدا بەرزبووەتەوە.

لە نێوان ساڵانی 1961 بۆ1990  دارە گێلاسەکان لە تۆکیۆ بە تێکڕا لە 29ی ئازار دەستیان بە گوڵکردن کردووە، ساسانۆ دەشلێت لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 2020 ئەو بەروارە بۆ 24ی ئازار گواسترایەوە.

لە زستانی ئەمساڵدا جیهان بەرزترین ئاستی پلەکانی گەرمای تۆمارکرد، مانگی یەکی ساڵی 2024گەرمترین پلەی گەرمی مانگی یەک بوو کە تۆمارکراوە.