سودانى: لە کارکردنى پێکەوەیی بەردەوام دەبین بۆ بەدیهێنانى خواستى عێراقییەکان

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. فۆتۆ: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە بۆنەى جەژنى نەورۆزەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و وێڕاى پیرۆزبایی لە گەلى کورد، جەختدەکاتەوە لە بەردەوامى کارکردنى پێکەوەیی بۆ بەدیهێنانى خواستى هاوبەشى عێراقییەکان.

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پەیامەکەیدا نووسیویەتى، بەبۆنەى هاتنى جەژنى نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەى گەلى کوردى ئازیزمان لە هەرێمى کوردستانى عێراق و هەموو عێراقى بەڕێزمان دەکەم بۆ ئەو هیوا و خۆشییەى کە ئەم رۆژە مەزنە هەڵیدەگرێت بۆ بەدیهێنانى ئایندەیەکى گەش.

راشیگەیاندووە، بەردەوامن لە کارکردن و بوونیادنان و پتەوکردنى هەنگاوەکان بۆ بەدیهێنانى خواست و ئامانجە هاوبەشەکانى گەلى عێراق، لەبەر رۆشنایی بەرنامەى حکومەت، کە گوزارشت لە خواست و پێداویستییەکانیان دەکات.

سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ کارکردنى پێکەوەیی و بەرزراگرتنى بەهاکانى هاوبەشى و هاوچارەنووسى و ئەو داهاتووەى پێکەوە بونیادى دەنێن.