سۆران عومەر: بەغداد گومانی لە ناوى 67 هەزار مووچەخۆرى هەرێمی کوردستان هەیە

سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، لەو لیستەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی بۆ بەغدادی ناردووە، گومان لە 67 هەزار ناو هەیە و ناتوانرێت وردبینییان تێدا بکرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەو لیستی مووچەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدادی ناردووە گرفتی تێدایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گرتووە و دابەشیناکات.

گوتیشی، ئەو راپۆرتەی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە وردبینی تێداکراوە، زانیاری گوماناوی ئاشکرا بووە و لەو لیستەش کە بۆ مووچەی فەرمانبەران نێردراوە بۆ بەغداد، گومان لەسەر 67 هەزار ناو هەیە کە ناوی دایکیان لە لیستەکەدا نییە و ناتوانرێت وردبینییان تێدابکرێت، وەزارەتی دارایی عێراق داوای زانیاریی کردووە بەڵام پێیان نەدراوە.

بەگوتەی سۆران عومەر، لەو 67 هەزار ناوەی گومانیان لەسەرە زیاتر لە 31 هەزار ناویان لە وەزارەتی خوێندنی باڵان و ئەوانەی دیکەش بەسەر وەزارەتەکانی دیکەدا دابەشبوون.