گرنگییەکانی لیک چین؟

لیک چەند پێکهاتەیەکی گرنگی تێدایە

لیک شلەیەکی ئاوییە کە لە لیکەڕژێنەکانەوە دەڕژێنرێتە ناو دەمەوە، چەندین فرمانی گرنگی هەیە، وەکو هەرس، ئاسانکردنی قوتدان، جوین و پاراستنی ددانەکان. پێکهاتەی سەرەکیی لیک ئاوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جۆری پرۆتین و ماددەی دیکەی تێدایە کە هەر یەکێکیان، ئەرکێکی جیاوازی هەیە لە پاراستنی تەندروستیدا.

فرمانەکانی لیک چیین؟

لیک چەندین رۆڵی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستیی دەم و بەشەکانی دیکەی جەستەدا وەکو:

  • شێدارکردنەوەی دەم و قوڕگ: لینجەماددەی ناو لیک، لینجەپەردەکانی ناو دەم دەپارێزێت لە بەیەکەوە نووسان. ئەمەش ناوپۆشی دەم دەپارێزێت لە ماددەی زیانبەخشی وەکو بەکتریا و ژەهرە ماددەکان.
  • شێدارکردنەوەی خواردن: ئەگەر لیک نەبێت، کرداری قوتدانیش ئەستەم دەبێت. کاتێک خواردن دەچێتە دەمەوە، دواتر دەچێتە سورێنچک و بەدواشیدا دەچێتە ناو گەدەوە، بۆئەوەی خواردنەکە ئاسانتر بەم رێرەوەدا تێپەڕببێت، لیک خواردنەکە شێداردەکات و شێوازی خواردنەکەش دەگۆڕێت بۆ ئەوەی بەبێ هیچ گرفت و ناڕەحەتییەک خواردنەکە تێپەڕببێت.
  • لیک دەستپێکی پرۆسەی هەرسە: لیک ئەنزیمێکی تێدایە بە ناوی ئەمایلەیس کە یارمەتیی گەدە دەدات شەکری ئاڵۆز و خواردن بگۆڕێت بۆ شەکری سادە
  • لیک دەم دەپارێزێت لە هەوکردن: لیک ئەنزیمێکی تێدایە بە ناوی لایسۆزایم کە بەکتریا لەناودەبات و رێگریدەکات لە گەشەکردنیان
  • لیک بە چەند رێگەیەک ددانەکان دەپاریزێت، بۆنموونە؛ لیک دەوڵەمەندە بە کالسیۆم هایدرۆکسیئەپەتایت کە رێگریدەکات لەوەی ددانەکان کالسیۆم لەدەستبدەن، هەروەها لیک بەبەردەوامی رووی ددانەکان دەشوات و ناهێڵێت پاشماوەی خۆراک لەسەریان بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لیک ترشیی خواردنەکان هاوسەنگ دەکاتەوە و رێگریدەکات لەوەی خواردنە ترشەکان ببنەهۆی داخورانی ددانەکان. بەگشتی لیک ددانەکان لە کلۆربوون و پووکیش لە نەخۆشییەکانی پووک دەپارێزێت.
  • لیک ترشی و تفتیی خواردنەکان هاوسەنگدەکاتەوە: پی ئێچی لیک  لە نێوان 6-7.5 دایە لە دەمدا، ئەمەش ترشی و تفتیی خواردنەکان هاوسەنگدەکاتەوە
  • لیک یارمەتیی ساڕێژبوونەوەی شانەکانی ناو دەم دەدات: لیک چەندین پڕۆتینی تێدایە کە یارمەتیی ساڕێژبوونەوەی شانەکانی دەم دەدات کاتێک برینداردەبن بۆنموونە کاتێک کەسێک گاز لە زمانی دەگرێت، لیک پڕۆسەی ساڕێژبوونەوەی برینەکە دەستپێدەکات
  • لیک یارمەتیی تامکردنی خواردن دەدات: کاتێک خواردنی وشک دەخورێت، پێویستە خواردنەکە شێداربکرێت بۆ ئەوەی ئەو پێکهاتانەی زمان کە بەرپرسن لە تامکردن، بتوانن تامی خواردنەکەیان پێبگات

لیکەڕژێنەکان کامانەن؟

لیک لە رێگەی سێ لیکەڕژێنی سەرەکییەوە دەردەدرێت و لە رێگەی دەرچەکانیانەوە دەچێتە ناو دەمەوە.

لیکەڕژێنەکان:

  1. لیکەڕژێنی پارۆتد: لیکەرژێنەکانی پارۆتد گەورەترین لیکەڕژێنن و لە هەرکەسێکدا دوو دانە لەم لیکەڕژێنە هەن. دەکەونە پێشی گوێیەکانەوە، دەرچەکانی ئەم رژێنانە دەکەونە بەرامبەر خڕێکانی سەرەوە.
  2. لیکەڕژێنەکانی ژێر شەویلگەی خوارەوە: ئەم دوو لیکەرژێنەش دەکەونە ژێر شەویلگەی خوارەوە و دەرچەکانیشیان دەکەونە ژێر زمانەوە.
  3. لیکەرژێنەکانی ژێرزمان: ئەمانیش دەکەونە ژێر زمانەوە لە شەویلگەی خوارەوەدا.

ئەم لیکەڕژێنانە بەرپرسن لە دەردانی 90%ی لیک، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان لیکەرژێنی بچووک هەن کە لە دەمدا دابەشبوون، ئەمانیش 10%ی لیک دەردەدەن. لە زۆرینەی پێگەیشتوواندا، هەموو ئەم لیکەرژێنانە پێکەوە، رۆژانە 0.5-1.5 لیتر لیک دەردەدەن.

لیک لە چی پێکهاتووە؟

99% ی لیک لە ئاو پێکهاتووە و 1% ەکەی دیکەی لە پرۆتین و ماددەی دیکە پێکهاتووە.

پسپۆڕان تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار جۆری جیاوازی پرۆتینیان لە لیکدا بەدیکردووە، بەڵام تەنیا نزیکەی سەد پرۆتینیان سەرەکین. ئەم پڕۆتینانە ئەرکی گرنگیان هەیە لە لیکدا وەکو؛

  1. ئەمایلەیس؛ ئەم پرۆتینە ئەنزیمێکە یارمەتیی هەرسکردنی کاربۆهیدرات دەدات. بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم پڕۆتینە پەنکریاس و لیکەرژێنەکان دروستیدەکەن. بەشێکی زۆری ئەمایلەیس لە لیکدان و بەشێکی کەمیان لە خوێن و میزیشدا بەدی دەکرێن
  2. پێپتایدە دەوڵەمەندەکان بە پرۆلین: ئەم پڕۆتینانە گروپێکی پڕۆتینیی ناو لیکن کە لیکەرژێنەکانی پارۆتد و ژێر شەویلگەی خوارەوە دروستیاندەکەن. ئەم گروپە پڕۆتینە  70%ی پڕۆتینی ناو لیک پێکدەهێنن. بەگشتی فرمانی ئەم پڕۆتینانە پاراستنی ددانەکانە
  3. میوسین: میوسینەکان کۆمەڵێک پڕۆتینی گەورەن کە ئەرکی سەرەکییان لینجکردنی پێکاتەکانی ناو دەمە، ئەمەش وەکو چینێکی پارێزەر کاردەکات و ناهێڵێت بەکتریا، کەڕوو و ماددەی زیانبەخش زیان بە ناودەم بگەیەنن
  4.  پێپتایدەبەرگرییەکان: ئەم پێپتایدانە بەشێکی گرنگی سیستمی بەرگرین و یارمەتیی وەڵامدانەوەی جەستە دەدەن دژی هەوکردن
  5. دژەتەن: دژەتەنەکانیش بەشێکی گرنگی سیستمی بەرگرین و دەنووسێن بە ئەو تەنە زیانبەخشانەی دێنە ناو دەمەوە و لەناویاندەبەن

لیک لە چەند ماددەیەکی زیندەیی دیکەش پێکدێت وەکو

  • شەکر
  • یوریا
  • هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ
  • هۆرمۆنە نێرینە و مێینەکانی وەکو ئیسترۆجین و تێستۆستیرۆن