زۆریی لیککردن چییە؟

هەندێجار لە هەندێک کەسدا، لیک زۆر زیاتر لە بڕی ئاسایی دەردەدرێت، زۆرجار ئەم حاڵەتە کاتییە و لەگەڵ دروستبوونی کلۆری و هەوکردندا دروستدەبێت و دوای چاکبوونەوە لە هەوکردنەکە یان چارەسەرکردنی کلۆرییەکە، چاکدەبێتەوە و بڕی دەردانی لیک ئاسایی دەبێتەوە. هەندێجار ئەم حاڵەتە درێژەدەکێشێت و پێویستیی بە دەرمان و چارەسەری دیکە دەبێت.

هۆکارەکانی زۆردەردانی لیک چیین؟

ئەگەر حاڵەتەکە کاتی بوو، ئەوا دەکرێت هۆکارەکان ئەمانە بن:

  • کلۆریی ددان
  • هەوکردن
  • گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە
  • دووگیانی
  • هەندێک جۆری دەرمان وەکو دەرمانی دژەگەشکە
  • بەرکەوتنی ژەهر

دوای چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە، رێژەی دەردانی لیک ئاسایی دەبێتەوە. بەشێک لەو خانمانەی لە کاتی دووگیانیدا تووشی زۆردەردانی لیک بوون، دوای منداڵبوون حاڵەتەکەیان ئاسایی بووەتەوە.

هەندێجار ئەم حاڵەتە درێژەدەکێشێت و دەبێت بە حاڵەتێکی درێژخایەن. زۆر لیککردنی درێژخایەن زۆرجار هۆکارەکەی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنانەن کە کاریگەرییان لەسەر کۆنترۆڵکردنی جووڵەی ماسولکەکان هەیە. کاتێک ماسولکەکان بە باشی کارناکەن، ئاستەنگی لە قوتداندا دروستدەبێت، ئەمەش وادەکات لیک کۆببێتەوە.

هۆکارەکانی زۆر لیککردنی درێژخایەن ئەمانەن؛

  • ناڕێکیی ددانەکان
  • زمانی گەورە
  • بیرکۆڵی
  • ئیفلیجیی مێشک
  • ئیفلیجیی دەماری رووخسار
  • نەخۆشیی پارکینسن
  • جەڵتە

ئەگەر زۆریی لیککردنەکە بوو بە حاڵەتێکی درێژخایەن، ئەوا گرنگترین هەنگاو ئەوەیە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی حاڵەتەکە بدرێت.
ئەگەر ئەم حاڵەتە پشتگوێ بخرێت، زۆریی لیک کردارەکانی قسەکردن و قوتدان ئەستەمدەکات و مەترسیی خنکانی کەسەکە زیاددەکات.

رێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە ئەمانەن:

بەگوێرەی هۆکاری حاڵەتەکە رێگەچارەسەرەکەش دەگۆڕێت، زۆرلیککردنی کاتی دەکرێت لە ماڵەوە بە چەند رێگەیەکی سادە چارەسەربکرێت. هاوکات ئەگەر حاڵەتەکە درێژەیکێشا ئەوا چەند رێگەیەکی ئاڵۆزتر پێویستە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە.

  • رێگەکانی ماڵەوە: ئەگەر هۆکارەکە کلۆریی ددان یان هەوکردنی ددان و پووک بوو، باشترە سەردانی پزیشکی ددان بکرێت بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکان. شوشتنی ددانەکان بە فڵچە یارمەتیی کەمبوونەوەی لیک و هەوکردن دەدات، بەتایبەتی ئەگەر دوای شوشتنەکە کەسەکە غەرغەرەیەک بەکاربهێنێت کە کحولی تێدایە
  • دەرمان: چەند جۆرێکی دەرمان کە پزیشکی پسپۆڕ پێشنیازیان دەکات بۆ چارەخواز، حاڵەتەکە باشتردەکەنەوە لە رێگەی وەستاندنی ترپەی دەماری بۆ لیکەرژێنەکان بۆئەوەی کەمتر لیک دەربدەن، بەڵام ئەم دەرمانانە دەکرێت لێکەوتەی زۆریان هەبێت وەکو وشکبوونەوەی دەم، تێکچوونی بینین، قەبزی، خێرابوونی لێدانی دڵ و چەند لێکەوتەیەکی دیکەش
  • بەکارهێنانی بۆتۆکس: کاتێک حاڵەتەکە درێژەدەکێشێت، بەکارهێنانی بۆتۆکس بۆ لیکەرژێنەکان، رێگەیەکی کاریگەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی لیک. کاتێک بە دەرزی بۆتۆکس دەدرێت لە لیکەڕژێنەکان، دەمار و ماسولکەکانی ئەم رژێنانە ئیفلیج دەبن و لیکەرژێنەکان کەمتر لیک دەردەدەن. لەوانەیە پێویستبکات دوای چەند مانگێک کەسەکە دووبارە بۆتۆکس بەکاربهێنێتەوە، چونکە کاریگەرییەکانی بۆتۆکس کاتیین
  • نەشتەرگەری: لە حاڵەتە توندەکاندا، دەکرێت لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە لیکەڕژێنە گەورەکان دەربهێنرێن یان جێگۆڕکێیان پێبکرێت بۆئەوەی ئەو لیکەی دەریدەدەن بچێتە پشتی دەمەوە و بەئاسانی قوتبدرێت
  • چارەسەر بە تیشک: ئەگەر کەسەکە یان پزیشکەکە نەیانویست نەشتەرگەی ئەنجامبدەن، ئەوا دەتوانن چارەسەری تیشک بەکاربهێنن بۆ لیکەڕژێنە گەورەکان، ئەم چارەسەرە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی دەردانی لیک و وشکبوونەوەی دەم