ئۆپێک: تاوەکو ساڵى 2045 بە بەهاى 14 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە پیشەسازى نەوتدا دەکرێت

لۆگۆی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک). فۆتۆ:AP

سکرتێری گشتی رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارانى نەوت (ئۆپێک) ئاماژە بەوەدەکات، تاوەکو ساڵى 2045 بە بەهاى 14 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە پیشەسازى نەوتدا دەکرێت و ئەوەش  بازاڕى نەوتى خاو زیاتر گەشەپێدەدات.

هەیسەم غەیس، سکرتێری گشتی رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارانى نەوت( ئۆپێک) رایگەیاند، نەخشەی ئەو وەبەرهێنانانە بەسەر کەرتە جیاوازەکانی پیشەسازی نەوتدا دابەشکراوە، بەو پێیەی کەرتی گەڕان و دەرهێنان پێویستی بە نزیکەی 11 تریلیۆن و 100 ملیار دۆلار هەیە، لەکاتێکدا کەرتی پاڵاوتن و بەرهەمهێنان پێویستی بە یەک تریلیۆن و 700 ملیار دۆلارە، هەروەها کەرتى گواستنەوە و بەبازاڕکردن پێویستی بە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار هەیە.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، وەبەرهێنانەکان لە پیشەسازی نەوت و کەرتی وزە بە گشتی زیادیکردووە، بەهۆى گرنگییەکەى بۆ پێداویستییەکانى ئاسایشی وزەی جیهانی و هاندانی گەشەی ئابووری.

ئۆپێک کە لێکۆڵینەوە لە بنەماکانی بازاڕ وەکو دابینکردن و خواست و هۆکارە گرنگەکانی دیکە دەکات، وەکو پێوەرەکانی ئابووری جیهانی پێشبینی دەکات، خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا زیادبکات.

بەگوێرەى داتاکانى ئۆپێک، ساڵانە بە بەهاى 666 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە پیشەسازى نەوتدا دەکرێت، کە تاوەکو ساڵى 2045 دەکاتە 14 تریلیۆن دۆلار.