ئۆپێک بڕیاریدا ئاستى بەرهەمهێنانی نەوت وەکو خۆى بهێڵێتەوە

بارەگاى سەرەکى رێکخراوى ئۆپێک لە شارى ڤییەناى نەمسا. فۆتۆ: AP

لیژنەی وەزاری رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی (ئۆپێک پڵەس)، سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتیان وەکو خۆی هێشتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـى نیسانى 2024، لە پەنجا و سێیەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی چاودێریی وەزاری، پێداچوونەوە بە داتاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ مانگەکانی کانوونى دووەم و شوباتی ئەمساڵ کرا.

ئۆپێک پێشوازی لە بڕیاری عێراق و کۆماری کازاخستان کرد، بۆ گەیشتن بەرێژەی بەرهەمهێنانی بڕیارلێدراو و قەرەبووکردنەوەی بەرهەمی زیادە.

لیژنەکە روونیشیکردەوە، وڵاتانی بەشداربوو کە بڕی زیادەی بەرهەمیان لە ماوەی چارەکى یەکەمى 2024دا هەیە، پلانی وردی قەرەبووکردنەوەیان تاوەکو 30ـى نیسانی 2024 پێشکەشی سکرتاریەتی ئۆپێک دەکەن.

بڕیارە رۆژی 1ـى حوزەیرانی 2024، کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەى وەزارى رێکخراوى ئۆپێک ئەنجامبدرێت، ئەمە لەکاتێکدایە نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت نزیک بووەتەوە لە 90 دۆلار و نەوتى تەکساسیش بە 85 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەى پێوەدەکرێت.

هاوکات عاسم جیهاد، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق ئەوەى راگەیاند، وەزیرى نەوتى عێراق لەرێگەى ڤیدیۆ وۆڵ بەشدارى کۆبونەوەکەى کردووە و بەرهەمهێنانى نەوت وەکو خۆى هێڵدراوەتەوە.