کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی: ئەمساڵ  نرخی نەوت لە نێوان 80 بۆ 100 دۆلار دەبێت

بیرێكی نەوتی خاو.

ئەلێکساندەر دیوکۆڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی رایگەیاند، کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات نرخی نەوت لەمساڵدا لە نێوان 80 بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بازرگانی پێوەبکرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنەکە گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی سەخت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر نرخەکان دادەنێت، بەڵام نرخی ئێستا دادپەروەرانەیە چونکە بازاڕ هاوسەنگە و کێشەی کەمی خواست نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیری رووسیا لە 3ـی مانگی ئازاردا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی حوزەیراندا کەم دەکرێتەوە بۆ نۆ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

جەختی لەوەشکردەوە، رووسیا بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە چارەکی دووەمدا بە تێکڕای هەر سێ مانگ جارێک بەرێژەی 471 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمدەکاتەوە وەکو بەشێک لە پابەندبوونە خۆبەخشییەکانی لە هاوپەیمانێتی ئۆپیک پڵەس.