/

بەرزکردنەوەى نرخى سوودى بانکى لە ئەمریکا کاریگەری لەسەر جیهان دەبێت

پیاوێک وێنەى بەهاى پشکەکان دەگرێت لە بازاڕى بۆڕسەى تۆکیۆ لە ژاپۆن. فۆتۆ: بلۆمبێرگ

رۆژى شەممە، 7ى ئەیلولى 2023، بەشێکى زۆرى پشکەکانى ئاسیا دابەزین و لە بەرامبەردا بەهاى دۆلار بەرامبەر دراوە رکابەرەکانی بەرزبووەوە، وەبەرهێنەرانیش چاویان لە بڕیارى توندکردنى نەختینەیی بانکى فیدراڵیی ئەمریکایە.

پشکەکان لە ئوسترالیا، کۆریاى باشوور و چین دابەزین و پشکەکانى چین بەتایبەت لەژێر فشارى گەورەدان، هاوکات پشکەکانى ژاپۆنیش زیانیان بەرکەوتووە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار، بەشێک لە پێنوێنە زەبەلاحەکانى ئەمەریکا دابەزین، لەوانە "ستاندارد ئاند پوورز 500" کە بە ڕێژەى 0.7% دابەزیووە، هەروەها پێنوێنى "ناسداک 100" بە رێژەى 0.9% دابەزیووە.

لەلایەکى دیکەوە، پێنوێنى دۆلار بۆ بەرزترین ئاست لەماوەى شەش مانگى رابردوو بەرزبووەتەوە، چاوەڕێش دەکرێت ئەمساڵ جارێکى دیکە بانکى فیدراڵیی ئەمریکا نرخى سوودى بانکى بەرز بکاتەوە.

لە کۆتایی مانگى ئابدا، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکى ئەنجوومەنى یەدەگى فیدراڵىی ئەمریکا لە کۆبوونەوەى جاکسۆن هۆڵ لەگەڵ پارێزگارانى بانکە ناوەندییەکانى ئەمەریکا گوتى، "بەردەوامدەبین لە بەرزکردنەوەى نرخى سوودى بانکى ئەگەر گونجاو بوو، چونکە هەڵئاوسان لە ئەمەریکا هێشتا لە ئاستێکى زۆر بەرزدایە".

جیرۆم پاوڵ ئەو ئامانجەى ئاشکرا کرد، کە دابەزاندنى رێژەى هەڵئاوسانى گشتییە بۆ خوار 2%..

رێژەى هەڵئاوسانى گشتیی نرخ لە ئەمریکا تاوەکو مانگى تەمووزى ئەمساڵ گەیشتە 3.2%، هاوکات بۆ کەمکردنەوەى ئەو رێژەیە بانکى فیدراڵیی ئەمریکا بە چەند قۆناغێک لە سەرەتاى ساڵى 2022ـەوە، نرخى سوودى بانکى تاوەکو 5.25% بەرزکردەوە، کە بەزرترین ئاستە لەماوەى 22 ساڵى رابردوودا.