ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای قەرەبووی کەمئەندامبووانى دەستى بەعس دەدرێت
بۆ رۆژی سێیەم لەسەریەک، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی و پێشنیازەیاسای هەموارکراوی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی رژێمی پێشووەوە کەمئەندامبوون دەدات.
فەرمانگەى راگەیاندنى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ 27ـی ئابی 2025ـى بڵاوکردووەتەوە، بڕیارە دەنگ لەسەر سێ پرۆژەیاسا بدرێت، دیارترینیان، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای تەندروستی دەروونی و پێشنیازەیاسای قەرەبووی کەمئەندامبوونى دەستى بەعسە.
بڕیارە دەنگ بە پێشنیازەیاسای هەموارکراوی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە بدرێت، کە بەهۆی رژێمی پێشووەوە کەمئەندامبوون.
هەروەها ئەنجوومەنەکە خوێندنەوە بۆ چوار پرۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا دەکات، لەوانە خوێندنەوەی یەکەمی یاسای هەموارکراوی خزمەتی زانکۆ لەلایەن لیژنەی خوێندنی باڵا و خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای سندوقی پێشینەی کشتوکاڵی.
رۆژانی 25 و 26ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و ئەنجوومەنەکە هەمواری یاسای زیندانییانی سیاسی پەسەندکرد و دەنگی لەسەر لیستی باڵیۆزەکانى عێراق دا.
کۆبوونەوەی 26ـی مانگ بە ئامادەبوونی 169 ئەندام و بە سەرۆکایەتیی مەحمود مەشهەدانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدرا لەسەر هەموارى یاساى دامەزراوەى زیندانییانى سیاسى، کە بەگوێرەى هەموارەکە، سەرجەم زیندانییانى سیاسى و بەرکەوتووانى چەکی کمیایی لە عێراق و هەرێمى کوردستان، وەکو یەک ماف و شایستە داراییەکانیان بۆ دابیندەکرێت و وەزارەتى دارایى فیدراڵ پێویستە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەماهەنگى بۆ جێبەجێکردنى یاساکە بکات.
هەر بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر ئەو کەسەی یاساکە دەیگرێتەوە، کۆچی دوایی بکات، ئەوا ماف و شایستەکانی بۆ کەسوکارەکەی دەگوازرێتەوە و بە یەکسانی لەنێوانیاندا دابەشدەکرێت.
هاوکات ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەکەدا، لیستی باڵیۆزەکانی پەسەندکرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەکرابوو کە ژمارەی بەربژێرەکان 91 کەس بوو، لەو ژمارەیەش 18ـیان کوردبوون.
27/08/2025