ترەمپ: بە بەهاى 10 سەنتیش وەبەرهێنان لە ئێران ناکەین

یەسنا ئومێد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتەکەیدا لە لوتکەی جی7 لە فەڕەنسا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتەکەیدا لە لوتکەی جی7 لە فەڕەنسا. فۆتۆ: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزی لەبارەی تەرخانکردنی سندووقێکی وەبەرهێنان بۆ ئێران ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی هیچ وەبەرهێنانێک لەو وڵاتەدا ناکات، هاوکات هۆشداریی دا ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە.

"بە بەهای 10 سەنتیش لە ئێران وەبەرهێنان ناکەین"

ترەمپ هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز لەبارەی تەرخانکردنی سندووقێک بۆ وەبەرهێنان لە ئێران بە بڕی 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، بە بەهای 10 سەنتیش لە ئێران وەبەرهێنان ناکەین.

کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی میسر لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی7

لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی گرووپی7، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر ئەنجام دا و باسی لە دوا بەرەوپێشچوونەکانی لێکتێگەیشتنەکەی لەگەڵ ئێران کرد.

دۆخی چەکی ئەتۆمی و گەرووی هورمز

لە کۆنفرانسەکەدا، ترەمپ جارێکی دیکە ڕایگەیاند، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها ئێستا بە شێوەیەکی نیمچەیی گەرووی هورمز کراوەتەوە و لە ماوەی 2 ڕۆژی داهاتوودا بە تەواوەتی دەکرێتەوە.

نرخی نەوت و هۆشدارییە سەربازییەکان

ترەمپ هەر لەسەر بارودۆخی گەرووی هورمز ڕایگەیاند، نرخی نەوت دابەزیوە و ئەمە شتێکی زۆر باشە، بەڵام ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە بەڵێنەکانی، ئەوا دیسان بۆمبەکان دەگرنەوە ئەو وڵاتە، چونکە ئەم لێکتێگەیشتنە کۆتایی بابەتەکە نییە.

وەبەرهێنانی وڵاتانی کەنداو لە ئێران

لەبارەی ئەو هەواڵەی ڕۆیتەرزیش لەسەر دابینکردنی سندووقێکی وەبەرهێنان بە بڕی 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەوە ڕاست نییە و ئەوان وەبەرهێنان لە ئێران ناکەن، وڵاتانی کەنداو دەتوانن ئەو کارە بکەن، بەڵام ئەو پێی وانییە بەم نزیکانە شتێکی وا ڕوو بدات.

پرسی سزاکانی سەر تاران

لەبارەی خاڵەکانی ناو لێکتێگەیشتنەکەش، ترەمپ ڕایگەیاند، هیچ خاڵێک باس لە هەڵگرتنی بەپەلەی سزاکانی سەر ئێران ناکات.

کاتی واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژی هەینی لە سویسرا بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران خۆیان واژۆ لەسەر ئەم لێکتێگەیشتنە بکەن.

یەسنا ئومێد

4 کاتژمێر پێش ئێستا