زەیدی تیمێکی تایبەتی بۆ وردبینیکردن لە گرێبەستەکان پێکهێنا
پووختەی هەواڵ
- سەردانی زەیدی بۆ دیوانی چاودێری دارایی
- پێش گرێبەستەکان وردبینی بۆ کەموکوڕییەکان دەکرێت
- زەیدی پشتیوانی بۆ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی دووپاتدەکاتەوە
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستی پرۆژەکان پێکبهێنێت و ڕێگری لە گەندەڵی بکرێت، پشتیوانیی حکومەتەکەشی بۆ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی دووپاتکردەوە.
سەردانی زەیدی بۆ دیوانی چاودێری دارایی
ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی زەیدی، لەگەڵ فالح ساری، وەزیرى دارایی عێراق، سەردانی دیوانی چاودێریی دارایی کرد وسەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی کرد.
بەهێزکردنی چاودێری و پاراستنی سامانی گشتی
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە بۆ بەهێزکردنی چاودێری و پاراستنی سامانی گشتی و پەرەپێدانی وردبینی گرێبەستە حکومییەکانە.
چارەسەرکردنی کێشەکان پێش ڕوودانیان
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوی کۆبوونەوەکە، زەیدی فەرمانیکردووە، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی و چارەسەرکردنی کێشەکان پێش ڕوودانیان، سەرەتا وردبینی بۆ گرێبەستەکان بکرێت، داواشیکرد، دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی، چاوی دەوڵەت بن لە دۆزینەوەی گرفتەکان و چارەسەرکردنیان پێش ئەوەی ببنە کێشە و دۆسیەی گەندەڵی.
پێکهێنانی تیمی تایبەتمەند
سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانیکرد تیمێکی تایبەتمەند لە دیوانی چاودێریی دارایی پێکبهێنرێت، کە ئەرکیان وردبینیکردنی پێشوەختەی گرێبەستەکان بێت، بەو مەرجەی ماوەی وردبینیکردنەکە، لە 10 ڕۆژی کارکردن زیاتر نەبێت، هەروەها دیاریکردنی وادە و بەهای گرێبەستەکان، کە خێرایی جێبەجێکردن و باشترین جۆری چاودێری لەیەک کاتدا فەراهەم بکات.
- پێویستە گرێبەستە حکومییەکان بێ کەمووکوڕی بن
- پشتبەستن بە نرخی گونجاو
- کێشەی تێچووی زۆری گرێبەستەکان
- دوورخستنەوەی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی لە سیاسەت
زەیدی جەختی لەوە کردەوە، گرێبەستە حکومییەکان پێویستە لەڕووی یاسایی و هونەرییەوە بێ کەموکوڕی بن و پشت بە نرخی گونجاو ببەستن.
کێشەی زۆریی تێچووی گرێبەستەکان
بەگوتەی زەیدی، زۆریی تێچووی گرێبەستەکان، یەکێکە لە سەرەکیترین دەروازەکانی گەندەڵی، داوایکرد، بە تووندی بەرەنگاریی ئەو جۆرە گەندەڵییە ببنەوە و گرەنتیی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان بکرێت بە باشترین پێوەر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوورخستنەوەی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی لە هەڵوێستی سیاسی و پشکداری بە گرنگ ناودەبات و داوادەکات بەگوێرەى پێوەری دەستپاکی و پیشەیی و بێلایەنی، کارەکانیان بکەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/215431
https://channel8.com/kurdish/news/222611
2 کاتژمێر پێش ئێستا